رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی یاسای دەستووری، نەخشەڕێگەی قۆناخی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رووندەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت. هاوکات ئاشکرای دەکات، لە ئەگەری بایکۆتکردن و دروستبوونی کێشەی رێژەی یاسایی، بەپێی پەیڕەو بە زۆرینەی دەنگ سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆر شاری خالید، سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکانی دوای دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا دوای ئەم دانیشتنە، دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت، دوای ئەوەش دەتوانن حکومەت و کابینەی نوێ پێکبهێنن و سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانیش هەڵبژێردرێن."
ئەمڕۆ دوای نزیکەی دوو ساڵ، دووەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران.
ئەو پسپۆڕەی یاسا لەبارەی ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگی یاسایی لە کاتی نەبوونی رێژەیی یاسایی بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو روونیکردەوە: "ئەگەر دوای ئەمڕۆ کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا رۆژێک بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دابنرێت و رێژەی یاسایی تەواو نەبێت، دانیشتنەکە دوا دەخرێت؛ بەڵام بۆ جاری داهاتوو ئەگەر رێژەی یاساییش تەواو نەبوو، ئەوا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بە زۆرینەی دەنگ سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت."
دکتۆر شاری خالید گوتی: "ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردا، دەتوانن کابینەی نوێ حکومەتیش پێکبهێنن و سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانیش هەڵبژێردرێن".
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی 52 پەرلەمانتار، دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی خولی شەشەمی هەڵبژارد؛ کە تێیدا د. ڤالا فەرید بە بەدەستهێنانی 52 دەنگ بووە سەرۆکی پەرلەمان، رامی نووری بە کۆی دەنگی ئامادەبووان وەک جێگری سەرۆک دیاریکرا و مونا نەبی نادریش بە 52 دەنگ پۆستی سکرتێری پەرلەمانی بەدەستهێنا.
بەپێی ئەو وادە یاسایی و دەستوورییەی دیاریکراوە، دەبێت پەرلەمان بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی 30 رۆژەکە کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات، تاوەکو دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بەربژێری فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رابسپێرێت.




