رووداو - رادیۆ
سەرۆکی شارەوانیی سۆران دەڵێ، ناوی نزیکەی 13 هەزار کەس بۆ وەرگرتنی زەوی لە سنووری شارەکە گەڕاوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵ دەدەن بودجەی پێویست بەدەستبخەن بۆ قیرتاوکردنی گەڕەکی بارزان کە داوای هاونیشتمانییانی گەڕەکەکەیە.
قەیتەران حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی سۆران لە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو، سەبارەت بە گلەیی دانیشتووانی گەڕەکی بارزان بۆ تەواونەکردنی نزیکەی 300 مەتر لە رێگەی گەڕەکەکەیان، رایگەیاند: "ئەو گەڕەکە لە بنەڕەتدا بە سێ پاکێج و بە گوژمەی نزیکەی شەش ملیار دینار لەسەر بودجەی پڕۆژەکانی ساڵی 2024 کاری تێدا کرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێکی رەزامەندی لەسەر نەدرا. ئێستا پرۆژەی نوێمان نییە و تەنیا پرۆژە کۆنەکان جێبەجێ دەکرێن."
سەرۆکی شارەوانیی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، تیمی شارەوانی سەردانی گەڕەکەی کردووە، دەرخستەی پێویست ئامادە کراوە و ئەم هەفتەیە سەردانی ئیدارەی سۆران دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێ.
سەبارەت بەو نیگەرانییەی دانیشتووانیش کە باس لە دروستکردنی خانوویەک لەسەر شەقامێک دەکەن کە ئەگەر دروست بکرێت، کێشە بۆ هاتووچۆی نزیکەی 20 ماڵ دروست دەکات، ئەندازیار قەیتەران روونی کردەوە: "ئەو شوێنە شەقامەکەی پێشنیازە و خاوەنەکەی رێگەپێدانی هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی ناوچەکە بەرز و نزمی تێدایە و وەک کەندە، لیژنەی ئەندازیاری سەردانی شوێنەکەیان کردووە و چاوەڕێی راپۆرتەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا شەقامەکە بە پانیی 10 مەتر دەبێت یان دادەبەزێ بۆ شەش مەتر. ئەگەر بە 10 مەتر بێت، زۆربەی بەشی خانووەکە هەڵدەوەشێتەوە و ئەگەر بە شەش مەتریش بێت، رەنگە مەترێک یان دوو مەتری لە دیواری خانووەکە بکەوێتە سەر شەقام."
سەرۆکی شارەوانیی سۆران باسی لە پڕۆژەکانی دیکەی خزمەتگوزاری کرد و رایگەیاند، پڕۆژەی خزمەتگوزاری و رێگەسازی گەڕەکەکانی بەختیاری، وەستا رەجەب، کۆڕەک، باپشتیان، 26ی گوڵان و برادۆست لە جێبەجێکردندان؛ هاوکات لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان، پرۆسەی خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵەکان و ئاوەڕۆکان بەردەوامە و نزیکەی 80٪ بۆ 90٪ی شوێنەکان پاککراونەتەوە، هەروەها دەست بە تێکەڵەڕێژکردنی هەندێک رێگەش کراوە.
لەبارەی مۆڵەتدان بە زەویی سندووقی بۆ دروستکردنی خانوو، ئەندازیار قەیتەران گوتی: "لیستێک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی مەرجەکانیان تێدایە ئامادە دەکەین و هیوادارین تاوەکو سەری ساڵ تەواو ببێت کە ژمارەیان لەنێوان 800 بۆ هەزار زەوییە دەبێت، تاوەکو پێشکێش بە لایەنی پەیوەندیدار بکرێت و هاووڵاتییان لێی سوودمەند بن."
سەبارەت بە زەویی فەرمانبەرانیش، سەرۆکی شارەوانیی سۆران رایگەیاند کە تاوەکو رێکەوتی 6ی تشرینی دووەمی 2026، نزیکەی 13 هەزار ناوی فەرمانبەران کە شایستەی وەرگرتنی زەوین لە ناوەندی سۆران گەڕاوەتەوە و بەڵام دەشێت زیاد بکات، کار لەسەر تەرخانکردن و دابینکردنی زەویی دەکەن بۆیان.



