رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای هەولێر چەندین لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی لافاوەکەی شەوی رابردوو دەستیان بە کارەکانیان کردووە، جێگری پارێزگار دەڵێت، سەرجەم زیانەکان بە دۆکیۆمێنت دەکرێن، هەروەها دەڵێت، شوێنی مانەوە و خواردن بۆ زیانلێکەوتووان دابینکراوە.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026 هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەندین لیژنە پێکهێندراون کە یەکێکیان لیژنەی خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانە. هەروەها ژووری قەیرانەکان بە هاوکاریی شارەوانی، بەشی یاسایی، بەشی هونەری میکانیکی و بەرگریی شارستانی خەریکی خەمڵاندنی زیانەکانن، هاوکات سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێریش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ بەدواداچوون لە کەموکوڕییەکان."
سەبارەت بە زیانی ئۆتۆمبێلەکان و کەرتەکانی کشتوکاڵ و کارەبا، هێمن قادر روونیکردەوە: "بەشی میکانیکی و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ خەمڵاندن بۆ زیانی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن. بۆ ئەو زیانانەشی بەر تۆڕی کارەبا کەوتوون و چاککردنەوەی کارەبای گەڕەکەکان، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا کارەکان دەکات، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێریش ئەگەر زەرەر و زیانێک هەبێت دیاریی دەکات."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر، لە دوێنێوە بەشێکی لیژنەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە و ئەمڕۆ هەموویان بە چڕی کەوتوونەتە کار.
لەبارەی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانیش، هێمن قادر گوتی: "لە دوێنێوە چەندین هۆتێل ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئەو کەسانەی ماڵەکانیان زیانی پێگەیشتووە. هەروەها بە هاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواردنی گەرم و پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین کراون، هێزەکانی زێرەڤانی و ئەمنیش هاوکارمان بوون."
بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانیش، هێمن قادر گوتی: "داتاکان کۆدەکەینەوە و دۆکیۆمێنتیان دەکەین، بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەوەی قەرەبووکردنەوەکە چۆن دەبێت، دەبێت لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارە بدرێت."
شەوی رابردوو نزیک کاژێر 7:00ـی ئێوارە، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین رووی لە پارێزگای هەولێر کرد و بەهۆیەوە لافاو دروستبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو لە هەولێر 70 ملیمەتر باران باریوە. بارینی ئەو بڕە بارانە لافاوی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، هاوکات زیانی مادی بەر دەیان ماڵ و ئۆتۆمبێل کەوت.




