رووداو دیجیتاڵ دوای راگرتنی بەهۆی لێڵبوونی سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی بارانەوە، دابەشکردنی ئاو لە سەرجەم گەڕەکەکانی شاری هەولێر ئاسایی بووەوە، تەنیا ناحیەی کەسنەزان نەبێت کە بەهۆی تێکچوونی بۆرییەوە هێشتا دانیشتووانەکەی بێ ئاون. رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای سێ رۆژ لە کارکردنی بەردەوام، ئەمڕۆ ئاو بە تەواوی گەیشتەوە هەموو گەڕەکەکانی شاری هەولێر، تەنیا ناحیەی کەسنەزان نەبێت کە بەهۆی لافاوەکەوە بۆریی ئاوەکەیان لێبووەتەوە." رابەر حوسێن باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کرد و رایگەیاند:" نزیک کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە پڕۆژەکانی ئیفراز یەک، دوو و سێ خرانەوە کار و پەمپەکانی ئاو دەستیان بە ناردنی ئاو بۆ گەڕەکەکان کردەوە". لەبارەی کاتی گەیشتنەوەی ئاو بۆ کەسنەزان، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "تیمەکانمان بەردەوامن لە کارکردن و تاوەکو سبەی کێشەی ئاوی کەسنەزانیش چارەسەر دەکرێ." پێشبینی ئەو بڕە زۆرە لە باران نەدەکرا و هەربۆیە راگرتنی ئاوەکەش کێشەی بۆ ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان دروست کرد. نەسرین محەممەد، دانیشتووی گەرەکی هەولێری نوێیە و بە رووداوی گوت:" لە رۆژی لافاوەکەوە ئاومان نەما، ئەوە لە کاتێکدایە قوتابیمان هەیە کە دەبێت بە خاوێنی بچنە قوتابخانە؛ بۆیە دوێنێ بە ناچاری ئاومان کڕی". راگرتنی ئاوی هەولێر دوای ئەوە هات، شەوی 7ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ، ئاستی لێڵبوونی ئاوی سەرچاوەکانی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە توانای تەکنیکیی وێستگەکانی پاڵاوتندا نەماوە، بۆیە کارکردن لە پڕۆژەکانی ئاو راگیرا. پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو بۆ هەولێر جگە ئیفرازەکان، پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریشە، کە دابینکردنی ئاوی بەشێکی زۆری هەولێری لە ئەستۆدایە.
هەواڵە ناوخۆییەکان10-11-2026کارئاسانی بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دەکرێ کە لە لافاوەکەی هەولێردا کارتی نیشتمانییان لەدەستداوە