رووداو - رادیۆ
هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە دەڵێت خشتەی نوێی پێدانی کارەبایان داناوە، بەڵام دیاریکردنی نرخی ئەم مانگە لەژێر راوێژدایە و پێشنیاز کراوە پارەکە لە کۆتایی مانگدا وەربگیرێت.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پەسند کراوە، لەم وەرزەدا موەلیدە ئەهلییەکان رۆژانە لە کاژێر 07:00 تاوەکو 09:00ـی بەیانی، هەروەها لە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی کار دەکەن."
سەبارەت بە داواکاریی هەندێک گەڕەک بۆ کارەبای بەردەوام، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدەکان روونیکردەوە کە هاووڵاتییان سەرپشکن و دەتوانن بە کۆکردنەوەی واژۆی دانیشتووانی کۆڵان و گەڕەکەکانیان سەردانی قایمقامیەت بکەن تاوەکو رەزامەندیی کارەبای 24 کاژێرییان بۆ وەربگیرێت.
دەربارەی نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ ئەم مانگە، خۆران خۆرانی گوتی: "تاوەکو ئێستا نرخەکە بە تەواوەتی یەکلایی نەکراوەتەوە و لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆداین؛ پێشنیازێک هەیە بۆ ئەوەی سیستمی پارەدان بکرێتە پاشەکی (واتە لە کۆتایی مانگدا پارەی کاژێرەکانی کارکردن وەربگیرێت نەک پێشەکی)، بەڵام بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان نیگەرانن لەوەی کەڵەکەبوونی پارەکە بۆ هاووڵاتییان گران بوەستێت، بۆیە هێشتا گفتوگۆ لەسەر شێوازەکەی بەردەوامە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر جەختی کردەوە کە سەرجەم خاوەن موەلیدەکان پابەندی رێنماییەکان بوون و موەلیدەکانیان خستووەتە کار بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەم وەرزەدا بێ کارەبا نەمێننەوە.


