رووداو دیجیتاڵ
لە بارانبارینەکەی رۆژی شەممە 07-11-2026 لە شاری هەولێر، تۆماری بارانبارینی 46 ساڵی رابردوو شکا و بەپێی دامەزراوەیەکی کەشناسیی ئەمریکی، زیاتر لە 127 ملیمەتر باران باری، ئەوە لە کاتێکدایە توانای تەکنیکیی تۆڕی ئاوەڕۆی شارەکە بەرگەی 20 ملیمەتر باران لە کاژێرێکدا دەگرێ.
بارانبارینی بەخوڕی رۆژی شەممە لافاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر دروستکرد، لە ئەنجامدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و زیانی مادی بەر ماڵ، دووکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوت، بەتایبەت لە گەڕەکەکانی سێبەردان، هەولێری نوێ، گوڵان، شێخ ئەحمەد، هەروەها هەردوو بازاڕی لەنگە و شێخەڵڵا.
ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری هەولێر زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر تۆڕی ئاوەڕۆمان بە قەبارەی جیاواز هەیە و ژێرخانی شارەکە ئامادەیە. کێشەی سەرەکی زۆریی بڕی بارانبارینەکە بوو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا."
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر گوتی: "دیزاینی تۆڕی ئاوەڕۆی شارەکە بۆ نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئەگەر لە کاژێرێکدا تاوەکو نزیکەی 20 ملیمەتر باران ببارێ، ئاوەڕۆکان هیچ کێشەیەکیان نابێت، بەڵام لە سەنتەری شار زیاتر لە 70 ملیمەتر و لە ناوچەکانی باخ و منارە و پیرەڕەش زیاتر لە 125 ملیمەتر باران لە تەنیا دوو کاژێردا باری، ئەمەش وایکرد رووبارێک لە ئاو بەرەو نێو شار بێتە خوارەوە."
بەڕێوەبەرانی شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەکانی یەک و چوار بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، ئامادەکارییە پێویستەکانیان کردبوو، بەڵام هۆکاری سەرەکیی لافاوەکە ئەوە بوو کە "ئاوی دەرەوەی هەولێر" بە لێشاو لە سنووری کەسنەزان و سێبەردانەوە چووە نێو شار.
ئاماری وێستگەیەکی کەشناسیی ئەمریکی
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بۆ 24 کاژێر (لە کاژێر 09:00ـی بەیانیی 7ـی تشرینی دووەم تاوەکو 09:00ـی بەیانیی رۆژی دواتر) بڵاویکردەوە، لە سەنتەری شاری هەولێر 70 ملیمەتر باران باری.
هەر بەگوێرەی داتاکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە چەندین ناوچەی دیکەی سەر بە پارێزگای هەولێر بارانی زۆر باری، لەوانە سنووری بەنداوی گۆمەسپان کە 83.3 ملیمەتر و سنووری چۆمان 88.5 ملیمەتر بارانی لێ باری.
بەڵام پشتبەست بە دامەزراوەی Weather Undergroundی ئەمریکی، وێستگەیەکی کەشناسی لە سنووری کەسنەزان لە رۆژی شەممە 7ـی مانگ، بڕی 127 ملیمەتر بارانبارینی لە یەک رۆژدا تۆمارکردووە. لەو وێستگەیەدا لەنێوان کاژێر 17:00 بۆ 18:00 (تەنیا لە یەک کاژێردا) 41 ملیمەتر باران باریوە، هەروەها لەنێوان کاژێر 17:00 تاوەکو 21:00 (لە چوار کاژێردا) 96 ملیمەتر باران تۆمارکراوە.
دابەشبوونی باران لە سەرتاسەری شار وەک یەک نەبووە. بۆ نموونە، لەکاتێکدا لە کەسنەزان 127 ملیمەتر بووە، لە نێو شار بەپێی هەمان دامەزراوە، بەرزترین تۆمار لە نزیک شەقامی گوڵان بووە کە گەیشتووەتە نزیکەی 50 ملیمەتر (کە 33 ملیمەتری لە سێ کاژێردا باریوە).
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە بارانەکەی 7ـی تشرینی دووەمی 2026 لە هەولێر، بەرزترین بڕی بارانبارینی یەک رۆژەیە لە ساڵی 1980ـەوە و ریکۆردی 20 ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە کە لە ساڵی 2006 تۆمارکرابوو.
بەرزترین بڕی بارانبارینی یەک رۆژە لە هەولێر لە 46 ساڵی رابردوودا (1980 - 2026):
7ـی تشرینی دووەمی 2026: 127 ملیمەتر )بەپێی وێستگەی پلاتفۆرمی Weather Underground
3ـی شوباتی 2006: 103.9 ملیمەتر (بەرزترین بارانی یەک رۆژە بوو پێش لافاوەکەی ئەم ساڵ).
21ـی تشرینی دووەمی 1992: 79 ملیمەتر.
ساڵی 1986: 73.6 ملیمەتر (بەرزترین بارانی یەک رۆژە لەنێوان ساڵانی 1980 تاوەکو 1990).
28ـی کانوونی دووەمی 2013: 71.8 ملیمەتر (بەرزترین بارانی یەک رۆژە لەنێوان ساڵانی 2010 تاوەکو 2020).




