رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ جێگری پارێزگار و قایمقامییەتی سلێمانی، بڕیار دراوە دەست بە کارکردن بکەنەوە و لە رۆژی هەینیدا دووبارە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی نرخی کارکردنیان بۆ دیاری بکرێت.
ئەمڕۆ 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکەشی دەکات، هێمن خەلیل، نوێنەری ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لەبارەی کارکردنیان گوتی: "بەشێکی زۆری موەلیدەکان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، بەڵام ژمارەیەک موەلیدە بەکار نەخراون، چونکە کێشەی تەکنیکییان هەبووە، جگە لەوەش گازوایلی پێویست دەست نەکەوتووە، بەڵام ئەمڕۆ سەرجەم موەلیدەکان دەخرێنە کار".
لەبارەی نرخی موەلیدەکان، هێمن خەلیل دەڵێت: "بڕیارە رۆژی هەینی کۆبوونەوەیەک بۆ دیاریکردنی نرخی موەلیدەکان بکرێت، خاوەنی موەلیدەکان تاوەکو رۆژی شەممە، دەست ناکەن بە کۆکردنەوەی پارەی کارەبا، ئەمەش بۆ ئەوەیە بزانرێت چەند کاژێر کارەبا پێویست دەبێت، نرخی گازوایلیش چەند دەبێت بۆ ئەوەی بەو شێوەیە نرخەکە یەکلایی بکرێتەوە".
لەبارەی ئەوەی پێشتر لە مانگی حەوت پارەی 125 کاژێریان لە هاونیشتمانییان وەرگرتووە و ماوەیەکی کەمتر کاریان کردووە، هێمن خەلیل دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار هەمانبووە لە مانگی ئەیلوولدا، گرێبەستەکان تەواو بوون و ئێستا دەبێت جارێکی دیکە نرخ دیاری بکرێتەوە بۆ کارکردنی موەلیدەکان".
شەوی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە، رۆژی 10ـی تشرینی دووەم، قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییەوە موەلیدەکان لە کاژێر 06:00ـی بەیانی تاوەکو 08:00 و 04:00ـی ئێوارە تاوەکو کاژێر 01:00ـی شەو دەبێت کار بکەن.



