رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، دۆخی دابەشکردنی ئاو لە سەرجەم گەڕەکەکانی شارەکە ئاسایی بووەتەوە و ئەو لێڵییەی لە رۆژانی رابردوودا هەبوو نەماوە؛ هاوکات بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاو، کاژێرەکانی بەردانەوەی ئاویش زیادکراون.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی لافاوەکەی شەوی شەممەی رابردوو و هاتنی بڕێکی زۆر لە قوڕولیتە لە زێی گەورەوە، بە ناچاری و لەبەر سەلامەتیی هاووڵاتییان هەر چوار وێستگەکەی ئاوی هەولێرمان (ئیفرازی یەک، دوو، سێ و فریاگوزاری) لەکارخست، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی بەردانەوەی ئاو و لێڵبوونی دروستکردبوو."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتیشی: "ئێستا سەرجەم وێستگەکان بە تەواوی توانای خۆیانەوە کەوتوونەتەوە کار و 24 کاژێر ئاو بەرهەمدەهێنن؛ ئەو لێڵییەی چەند رۆژی رابردووش لە ئاوی ماڵاندا هەستی پێدەکرا، بە تەواوەتی نەماوە و ئاوەکە پاککراوەتەوە."
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، رابەر حوسێن ئاماژەی بەوە کرد: "لەپێناو کارئاسانی بۆ خاوێنکردنەوەی ئەو ماڵ، دووکان و شوێنانەی بەهۆی لافاوەکەوە قوڕولیتەیان تێچووبوو، بڕیارمان داوە کاژێرەکانی بەردانەوەی ئاو لە سەرجەم گەڕەکەکانی شاری هەولێر زیاتر بکەین."
لەبارەی گرفتی شکان و دزەکردنی بۆرییەکانیش، بەڕێوەبەری ئاو روونیکردەوە: "بەهۆی لافاوەکەوە بۆرییەکی سەرەکی لە کەسنەزان شکابوو کە تیمی چاککردنەوە سەرقاڵن و ئەمڕۆ تەواو دەبێت؛ بەوەش پێدانی ئاو لە هەردوو گەڕەکی هەولێری نوێ و هەڤاڵانیش بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە."
رابەر حوسێن روونیشیکردەوە، کاتێک لە ماوەیەکی کەمدا بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئاوی زێی گەورە رێژەیەکی ئێجگار زۆر لە قوڕولیتە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بە جۆرێک کە فلتەرەکانی وێستگەکان توانای پاڵاوتنیان نامێنێت، بۆیە لە رووی ئەندازیارییەوە دەبێت وێستگەکان بە شێوەیەکی کاتی لەکاربخرێن تاوەکو ئاوەکە لە قوڕاو بپاڵێورێتەوە.


