رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راگەیاند، کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابەشکردنی ئاو هەیە و لە چەند گەڕەکێکی هەولێر و دەوروبەری کێشەی دروست کردووە، دەشڵێ، داوایان کردووە کارەبای زیاتریان بۆ دابین بکرێت.
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمبوونەوەی کارەبا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاو هەیە، بەڵام خۆشبەختانە رێگە نادەین ئیفرازی یەک، دوو و سێ بێ کارەبا بن، چونکە دەبنە هۆی کێشەی گەورە و کەمئاوی بەشێکی زۆری دانیشتووان".
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، لە هەندێک گەڕەکی هەولێر کە پشت بە وێستگە و بیرەکان دەبەستن، کێشەیان بۆ دروست بووە و گوتی: "کارەبا لە کەسنەزان و گەڕەکەکانی دارەتوو، بنەسڵاوە، گەڕەکی قەرەبوو لە کەسنەزان و گەڕەکی کەمئەندامان کەم بووەتەوە، بە شێوەیەک لە 24 کاژێرەوە بووەتە شەش کاژێر."
رابەر حوسێن داوا دەکات کارەبای زیاتریان دابین بکەن تاوەکو هیچ شوێنێک دووچاری بێئاوی نەبێت. گوتیشی، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵن بۆ زیادکردنی بڕی کارەبا.
دابەزینی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە شەوی 8ـی تشرینی دووەمی 2026، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر؛ بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە.
پێشتر لە رۆژی، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوتبوو: "دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لەدەستدانی نزیکەی 2,500 مێگاوات کارەبا، توانیومانە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی دیکە، بەرهەمهێنان بۆ 1,550 مێگاوات بەرز بکەینەوە و رۆژانە شەش بۆ هەشت کاژێر کارەبا بدەینە هاونیشتمانییان."



