رووداو دیجیتاڵ
کۆتایی ئەم مانگە نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێ، ئەوە لە کاتێکدایە کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی وایکردووە موەلیدەکان زۆر کار بکەن.
ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2026، هەکار هرووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت، "ئەگەر دۆخی کارەبا ئاسایی نەبێتەوە، پێشبینی دەکەین ئەم مانگە نرخی ئەمپێرێک کارەبا بگاتە 27 بۆ 30 هەزار دینار."
هەکار هروری گوتی، "تاوەکو ئێستا موەلیدەکان 195 کاژێر کاریان کردووە. ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دۆخی کارەبا چاک نەبێت، ئەوا کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە دەگاتە سەروو 300 کاژێر."
هەکار هروری ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر ئەم نرخە گرانەی ئێستای گاز کە یەک لیتری گەیشتووەتە 1400 دینار لەبەرچاو بگیرێ، پێشبینی دەکەین نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بگاتە 27 بۆ 30 هەزار دینار."
سەبارەت بە شێوازی دیاریکرنی نرخی ئەمپێرێک، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک باسی لەوە کرد، "تێکڕای کاژێرەکانی رۆژانەی پێدانی کارەبا دەدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، دواتر لە رێگەی پڕۆگرامێکەوە بەرز و نزمی نرخی گاز و نرخی دۆلاری بۆ رەچاو دەکرێ و دواتر نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە دیاری دەکرێ."
بەگوێرەی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، "رۆژانە لە نێو شار و دەوروبەری لە کاژێر 07:00ی بەیانی بۆ 09:00ی بەیانی موەلیدەکان کار دەکەن، دواتریش لە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆوە موەلیدەکان دەخرێنەوە کار تاوەکو 01:00ی شەو."
هەر ئەمڕۆ شەممە، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا موەلیدەکان نزیکەی 200 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانییان و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەش دەگاتە نزیکەی 300 کاژێر، بەڵام 60%ی موەلیدەکانی هەولێر نزیکەی 100 کاژێر قەرزداری هاونیشتمانییانن و پێویستە قەرزەکانیان بدەنەوە. ئەگەر بڕی قەرزەکە لە کاژێرەکان دەربکرێ، ئەم مانگە موەلیدەکان نزیکەی 200 کاژێر کاریان کردووە."
سەبارەت بە نرخی ئەمپێرێک کارەبا بۆ ئەم مانگە، خۆران خۆرانی گوتی، "ئەگەر موەلیدەکان قەرزداری هاونیشتمانییان نەبوونایە، ئەم مانگە نرخی یەک ئەمپێر دەگەیشتە نزیکەی 30 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر قەرزەکەی لێ دەربکرێ، ئەمپێرێک کارەبا نرخەکەی نزیکەی 16 هەزار دینار دەبێ."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، "رۆژانە لە شاری هەولێر و دەوروبەری 80% بۆ 90%ی موەلیدەکان 14 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان."
هاوکات ئەمڕۆ شەممە، عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، موەلیدەکان نزیکەی 100 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانییان. ئەگەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی نەبێتەوە، کاژێرەکانی پێدانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەگاتە نزیکەی 200 کاژێر."
سەبارەت بە نرخی ئەمپێرێک کارەبا، عوسمان محەممەد روونی کردەوە، "نرخی کارەبا ئەم مانگە جیاوازە، بەو پێیەی نرخی 30 رۆژ نابێت، بەڵکو هی 20 رۆژ دەبێت، ئەمەیش لەبەر ئەوەی موەلیدەکان لە 10 تشرینی دووەمەوە کەوتوونەتە کار و پێشبینیش دەکرێ بۆ ئەم 20 رۆژە نرخی ئەمپێرێک بگاتە 16 بۆ 17 هەزار دینار."
لەبارەی شێوازی وەرگرتنی پارەکە لە هاونیشتمانییان، عوسمان محەممەد گوتی، "خاوەن موەلیدەکان بوون بە دوو بەشەوە. بەشێکیان داوا دەکەن پارەی پێشەکی 100 کاژێر لە هاونیشتمانییان وەربگیرێ کە نرخی ئەمپێرێک دەکاتە هەشت هەزار دینار و کۆتایی ئەم مانگەش نرخی 100 کاژێرەکەی دیکە وەربگیرێ. بەشەکەی دیکەشیان داوا دەکەن کۆتایی ئەم مانگە سەرجەمی پارەکە پێکەوە وەربگرن."
بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، "رۆژانە موەلیدەکان لە سەنتەری شار 13 کاژێر کار دەکەن و کارەبا دەدەنە هاوبەشان."
لە بارەی پارێزگای هەڵەبجە، عوسمان محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵەبجە پێش هێرشەکەی سەر کۆرۆمۆر موەلیدەکان کاریان نەکردووە، واتە لە 10 ئەم مانگەوە موەلیدەکان کەوتوونەتە کار و هەربۆیە پێشبینی دەکرێ نرخی ئەمپێرێک بگاتە 15 هەزار دینار.
موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە لەدوای هێرشەکانی سەر کۆرمۆرەوە رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان.
دابەزینی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە.



