رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێ، مووچەی کرێکارانی خانەنشینی کەرتی تایبەت سەرەتای مانگی داهاتوو دابەش دەکرێ.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هەزار و 15 کرێکار دوای خانەنشینبوونیان مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن و مووچەیان دواناکەوێ".
لەبارەی مووچەی مانگی 11ی ئەو کرێکارانە، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گوتی: "لە یەکی مانگی 12 بۆ چواری هەمان مانگ مووچەیان دابەش دەکرێ."
خانەنشینیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی نوێیە، بۆیە ژمارەیان لە چوار پارێزگادا بە خاوی زیاد دەکات و مانگانە مووچە وەردەگرن.
مەریوان بەگۆک گوتی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 315 هەزار کرێکاری کەرتی تایبەت دەستەبەرکراون و لە کۆتایی کارکردنیان مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
کرێکاری خانەنشین کێیە؟
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان: "هەر کەسێک لە کەرتی تایبەت خزمەتی لە 20 ساڵ زیاتر بێ، بۆ پیاوان تەمەنی زیاتر لە 60 ساڵ و ئافرەتانیش لە 55 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن."
مەریوان بەگۆک ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەرکەس دەستەبەری کاری بۆ کرابێ، ئەگەر گیان لەدەستبدات مووچەی خانەنشینی بە خێزانەکەی دەدرێ."
مووچەی کرێکارانی خانەنشین
مووچەی خانەنشینیی کەرتی تایبەت بەگوێرەی مووچەی کارەکەی خانەنشین دەبێت. بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: "کەمترین مووچەی کرێکاری خانەنشینکراو لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام خانەنشینیش هەیە، مووچەکەی دەگاتە دوو ملیۆن دینار."
هەر کرێکار یان کارمەندێک کە دەستەبەر دەکرێ، 5%ـی مووچەکەی خۆی و 12%ـی لەلایەن شوێنی کارەکەیەوە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و لە داهاتوودا بەگوێرەی ئەو بڕە مووچەی خانەنشینیی بۆ تەرخان دەکرێت.



