رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ناحیەی شاریا گلەیی لە دووکەڵی مۆلیدە ئەهلییەکانی نێو بازاڕ و سەنتەری کۆمەڵگەکە دەکەن و داوای چارەسەر دەکەن؛ لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری ناحیەکە رایدەگەیێنێت، دۆخەکە کاتییە و بەهۆی زۆریی لۆدەوە دروست بووە تاوەکو دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
بەشێک لە هاونیشتمانییانی کۆمەڵگەی شاریا لە رێگەی ناردنی ڤیدیۆ و پەیوەندیکردن بە رادیۆی رووداوەوە، ئاماژەیان بەوە کرد کە مۆلیدە ئەهلییەکانی نێو بازاڕ و سەنتەری کۆمەڵگەکە دووکەڵێکی رەش و چڕ دروست دەکەن و دەچێتە نێو ماڵەکانەوە؛ بۆیە داوا دەکەن یان فلتەریان بۆ دابنرێت، یان شوێنەکانیان بگوازرێتەوە.
سەبارەت بەم داواکارییانە، عادل ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی شاریا، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو روونی کردەوە کە کۆمەڵگەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدایە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کارەبا و زیادبوونی لۆدەوە مۆلیدەکان خراونەتە کار.
بەڕێوەبەری ناحیەی شاریا گوتی: "لەبەر ئەوەی ماوەی کارکردنی مۆلیدەکان درێژ بووەتەوە و لۆدێکی زۆریان لەسەرە، دووکەڵ دەکەن؛ هاوکات جێبەجێکردنی هەندێک مەرج یان گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی دیکە قورسە، چونکە دۆخەکە کاتییە."
عادل ئەمین ئاماژەی بەوەش کرد، بە گەڕانەوەی کارەبای پرۆژەی رووناکی، کێشەی کارکردنی مۆلیدەکان کۆتایی دێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.



