رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان، چوونەتە نێو شاری فەراهـ، ناوەندی ویلایەتی فەراهی ئەفغانستان کە حەوتەم ویلایەتی ئەفغانستانە لە سێشەممە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵدەکرێت.
شارەکە بێ بەرگرییەکی ئەوتۆ چۆڵکرا، چەکدارانی تاڵیبان دەڵێن، لە کۆنترۆڵکردنی فەراهـ و بەشێکی ناوچەکانی دیکەش رووبەڕووی هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ نەبوونەتەوە.
چەکدارێکی تاڵیبان دەڵێت، "ئێمە دەستمان بەسەر نووسینگەی سەرەکیی حکومەت، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و ئاسایشیشدا گرتووە، بە پشتیوانیی خودا هیچ کێشەیەکمان تووش نەبووە، سەرکەوتنەکانمان بە پشتیوانیی خودا بوون".
لە ماوەی 24 کاژێردا تاڵیبان دەستی بەسەر دوو ناوەندەکەی دیکەی ویلایەتەکانی ئەفغانستاندا گرتووە، بەمەش تاوەکو ئێستا 9 ویلایەتی بەتەواوی کۆنترۆڵکردوون کە دواترینیان هەرێمی فایزاباد بوو.
هەرێمی بەڵخ لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە تاڵیبان چوونەتە نێو پایتەختی ویلایەتەکەوە. لەو شارەش تاڵیبان رووبەڕووی بەرگرییەکی ئەوتۆ نەبووەوە، بە گوتەی چەکدارەکان، سوپای ئەفغانستان شەڕی نەکردووە. چەکدارێکی تاڵیبان دەڵێت، "هەرچەندە ئێمە شانازی دەکەین شەهید بین، بەڵام هیچ کام لە هاوڕێکانمان شەهید نەبوون، تەنیا سێ کەس بریندارن کە بەهۆی بۆردوومانەوە بووە".
حکومەتی ئەفغانستان دەڵێت، هێشتا بیر لە ئاشتی دەکەنەوە و دەشڵێت، لەبەرئەوەی تاڵیبان خەڵکی سڤیل بەکاردەهێنن، سوپا ناتوانێت هێرش بکاتە سەریان.
بەرپرسێکی ئەمنیی ئەفغانیش دەڵێت، قاعیدە و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە لەگەڵ تاڵیبانن. جاڤید فەیسەڵ، راوێژکار لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەفغانستان دەڵێت، "کاری لەپێشینەی ئێمە هێشتا ئاشتی و دیالۆگە لەپێناو سەقامگیرییدا بۆ داهاتوو، بەڵام لە هەمان کاتدا کارێکی دیکەمان بەرگریکردنە لەم وڵاتە و پاراستنی خەڵکە لە تووندوتیژییەکانی تاڵیبان و گرووپە تیرۆریستییەکان. قاعیدە و هەندێک گرووپی تیرۆریستی نێودەوڵەتی دیکەش شان بەشانی تاڵیبان دژی گەل و حکومەتی ئەفغانستان شەڕدەکەن".
پێشڕەوەییەکانی تاڵیبان لە زۆر لە ویلایەتەکانی ئەفغانستان بەردەوامن، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە واشنتن پۆستی راگەیاندووە، بەپێی هەڵسەنگاندنە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا تاوەکو 90 رۆژی دیکە کابوولی پایتەختیش دەکەوێت.
کۆشکی سپیش دەڵێت، لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەمریکا زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلاری خەرج کردووە و مەشقی بە 300 هەزار سەربازی ئەفغانی کردووە، بۆیە کاتی ئەوەیە خۆیان بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن.


