رووداو دیجیتاڵ بە گوتەی جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمریکا لە زۆنگاوی شەڕ لەگەڵ ئێراندا گیری خواردووە و دەڵێت، "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە و تاوەکو دوا سات لە بەرامبەر هەر جۆرە زێدەخوازییەکی دووژمن دەجەنگین." لەبارەی تەنگەی هورمزیشەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە هیچ شێوەیەک تەنانەت یەک ملیمەتریش لە هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە تەنگەی هورمز پاشەکشە ناکەن." ئێوارەی یەکشەممە، 31ی ئایاری 2026، محەممەد ئەکبەرزادە، جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی شەوانەدا لە شاری گورگان، ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڵوێستەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند:"ئەمڕۆ ئەمریکا بە باشی دەزانێت کە لە زۆنگاوی شەڕ لەگەڵ ئێراندا گیری خواردووە و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ترەمپیان سەلماندووە کە گەلی ئێران زۆر لە هێزە بەکرێگیراوەکانی ئەمریکا بەهێزترە." ئەکبەرزادە بە ئاماژەدان بەوەی کە "قۆناخێکی نوێ" لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە، گوتی: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چ لە ئەرتەش و چ لە سوپای پاسداران، بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ بارودۆخێکدا، تەنانەت یەک ملیمەتریش لە هەڵوێستەکانیان لەبارەی حوکمڕانی بەسەر تەنگەی هورمزدا پاشەکشە ناکەن." جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران گوتیشی: "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە و تاوەکو دوا سات لە بەرامبەر هەر جۆرە زێدەخوازییەکی دوژمن دەجەنگین. با گەلی ئێران لەوە دڵنیا بێت کە رۆڵەکانیان لە نێو هێزە چەکدارەکاندا، ئاسایشی وڵاتەکە دەپارێزن." محەممەد ئەکبەرزادە ئاماژەی بە پەرەسەندن و پێشهاتەکانی کەنداو و تەنگەی هەرمزی کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ترەمپ و هاوپەیمانەکانی توانای کردنەوەی تەنگەی هورمزیان هەبوو، بۆچی لەجیاتی پشتبەستن بە توانای خۆیان، هانایان بۆ چین، فڕەنسا و بەریتانیا برد؟ ئەوەی کە واشنتن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە کەنداودا داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە دەکات، خۆی نیشانەیەکی روونی شکانی شکۆی ئەمریکایە." ئەو بەرپرسەی سوپای پاسدارانی ئێران تیشکی خستە سەر گوشارەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا بۆ گۆڕینی دۆخی تەنگەی هورمز و گوتی: "ترەمپ لەم دواییانەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەیەوێت دۆخی تەنگەی هورمز بگەڕێتەوە بۆ پێش دەستپێکردنی ململانێکان و دەیەوێت رێگری بکات لە دانی باج و حوکمڕانیی ئێران بەسەر ئەم رێرەوە ئاوەییەدا. وەڵامی ئێمە روونە؛ هیچ دانوستاندنێک لەسەر سەروەریی کۆماری ئیسلامی بەسەر تەنگەی هورمزدا بوونی نییە. دۆسیەی ئەتۆمی، مووشەکی و سەروەریی ئێران بەسەر کەنداودا، ئەو بابەتانە نین کە بە گوشار و هەڕەشە بگۆڕدرێن." شەری ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی ئەم ساڵەوە دەستیپێکرد و 40 رۆژی خایاند. رۆژی 8ی نیسانیش ئاگربەست لە نێوان لایەنەکان راگەیێندرا. لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست، پاکستان لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نێوەندگیری دەکات بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگ. لە 11ی نیسان گەڕێکی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە. تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ بازرگانی و گواستنەوەی وزە، بەڵام لە مانگی ئاداری رابردوو و سەرەتای جەنگی 40 رۆژە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائلدا، تەنگەکە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە. لە دوای داخستنی تەنگەکەوە، ئێران دامەزراوەیەکی بەناوی (بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز) دروستکردووە و "سیستەمێکی پشکنین و پەڕینەوە"ی جێگیرکردووە. بەپێی ئەم سیستمە نوێیە، تاران تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەدات کە باج بدەن و لە لیستی دوژمنانی ئێراندا نەبن. کۆنترۆڵکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە کە چالاکییەکانی ئێران لەو ناوچەیە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی دەبینن.