رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کاتێک باڵەخانەی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە یەکەم ساتەکانی شەڕدا کرایە ئامانج و بۆردومان کرا، ئەو لەوێ بووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی عەرەبی، لەبارەی ساتەکانی سەرەتای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بۆردومانکردنی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران قسەی کرد. عێراقچی رایگەیاندووە: "لە ساتی شەهیدبوونی رێبەردا، من لە نووسینگەکەی ئەودا بووم."
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەو باڵەخانەیەی تێیدا ئامادە بووە کراوەتە ئامانج و رزگاری بووە. عەباس عێراقچی رووداوەکە بەو شێوەیە دەگێرێتەوە: "ئەو باڵەخانەیەی تێیدا دانیشتبووین، کرایە ئامانج، بەڵام ئەو شوێنەی ئێمەی تێدابووین، بە سەلامەتی مایەوە. یەکەم پرسیار کە هاتە مێشکم و یەکەم نیگەرانی کە بۆم دروست بوو، ئەوە بوو کە ئاخۆ دۆخی رێبەر دەبێ چۆن بێت."
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەستم دەکرد بەپێی رەوتی ئاسایی کارەکان، بێگومان رێبەر لە نووسینگەی خۆیدا ئامادەیە. لە کاتێکدا سەرقاڵی هاتنەدەرەوە بووین لەژێر داروپەردوودا، تەواوی بیروهۆشم لای ئەوە بوو کە ئایا ئەو کراوەتە ئامانج یان نا."
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە لە دوو رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا زۆر نیگەرانی دۆخی عەلی خامنەیی بووە، دەڵێت: "من لە رۆژی یەکەم و دووەمدا، زۆر نیگەران بووم لەوەی چی بەسەر رێبەردا هاتووە، تاوەکو ئەو کاتەی کە هەواڵی شەهیدبوونی پشتڕاستکرایەوە. ئەوەی روویدا، هەرگیز لەبیر ناکرێت و برینێکە لەسەر دڵمان نیشتووە و پێدەچێت هەرگیز ساڕێژ نەبێت."
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026 لە یەکەم ساتی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر نووسینگەکەی لە تاران کوژرا.
شەری ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی ئەم ساڵەوە دەستیپێکرد و 40 رۆژی خایاند. رۆژی 8ی نیسانیش ئاگربەست لە نێوان لایەنەکان راگەیێندرا.
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست، پاکستان لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نێوەندگیری دەکات بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگ. لە 11ی نیسان گەڕێکی دانوستاندنیش لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
