رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، لە وەڵامی هێرشێکی ئەمریکادا بۆ سەر دوورگەی قیشم و ناوچەی سیریک، بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیان لە بەحرێن و کوێت کردووەتەوە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 06-06-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، چوار کەشتیی نەوتهەڵگری ''سەرپێچیکار'' بێ هاوئاهەنگی و گوێدان بە هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی سوپاکە ویستوویانە بە شێوەیەکی ''نایاسایی'' بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن کە دوای ئاگادارکردنەوەیان، هێرشیان کردووەتە سەر یەکێکیان و ئەوانی دیکەشیان ناچار کردوون بگەڕێنەوە.
سوپای پاسداران دەڵێ: ''دوای گەڕاندنەوەی کەشتییەکان، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر دوو بورجی پەیوەندیی ئێمە لە قیشم و سیریک.''
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوپای پاسداران لە وەڵامی هێرشەکەی سەر باشووری وڵاتەکەی، کاژێر 02:30 خولەک، بە مووشەک لە بنکەی ئاسمانیی (عەلی سالم)ـی ئەمریکای داوە لە کوێت و کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی وڵاتەکەش لە بەحرێن کراوەتە ئامانج.
سوپای پاسدارانی هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هێرشەکانی، وەڵامی ئێران سنووردار نابێت، ''بەڵکو خۆتان بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامەکانی داخرانی تەواوەتی تەنگەی هورمز بەڕووی هەناردەکردنی نەوت و گازی ئێوەدا.''
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)ـیش بڵاویکردەوە، هێزەکانی چوار درۆنی ئێرانی لە ئاسمانی نزیک تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە و هێرشی کردووەتە سەر چەند بورجێکی پەیوەندی لە سیریک و قیشمی باشووری ئێران.
لە 8ی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان تاران و واشنتن هەیە، بەڵام سەرەڕای بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیام، هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی یەکلاییکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
.png&w=3840&q=75)


