رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، دوای هێرشە مووشەکییەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل هەڕەشەی داخستنی تەنگەی بابولمەندەب دەکات و دەڵێت، نابێت دووژمن تووشی لێکدانەوەی هەڵە بێت و بەرەی مقاوەمە توانای داخستنی هەردوو رێڕۆ ئاوییەکەیان هەیە، وەکو ئاماژە بە تەنگەی هورمز و بابولمەندەب.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێشبینیی چەند رۆژ پێش ئێستا هاتە دی؛ وەڵامێکی مووشەکی لە جۆری زاتولسەلاسل. گەمژەیی ئەمڕۆی رژێم لە بەیرووت و پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست، ئەڵقەی یەکەمی وەڵامە زنجیرەیییەکانی ئێمەی خستە گەڕ."
راوێژکاری موجتەبا خامنەیی، هاوشێوەی تەنگەی هورمز هەڕەشەی داخستنی تەنگەی بابولمەندەب لە لایەن ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکات و دەڵێت: "ئاسایشی ئەمڕۆی بابولمەندەب، نابێت دوژمن تووشی لێکدانەوەی هەڵە بکات. ئەڵقەکانی بەرەی مقاوەمە توانای داخستنی هەر دوو رێڕەوە ئاوییەکەیان هەیە."
عەلی ئەکبەر ویلایەتی هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: "هەڵبژاردن لە دەست خۆتاندایە؛ راگرتنی گەمژایەتی، یان چوونە ناو هاوسەنگیی رێکخستنی دوو تەنگەکە."
شەوی یەکشەممە، 7ی حوزێرانی 2026، ئێران هێرشێکی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت، هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل.
.jpg&w=3840&q=75)


