رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە باشووری ئێران، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا ناچار بە کشانەوە لە کەنداو و خاکی وڵاتەکە کراوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-06-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوای هێرشی فڕۆکەیەکی جەنگیی F-16 بۆ سەر ئاسمانی کەنداو، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەکانی باشووری ئێران کارا کراون.
بەگوێرەی سوپای پاسداران، لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هاویشتنی چەندین مووشەک بە ئاراستەی، فڕۆکە جەنگییەکە ناچار بە کشانەوە لە خاکی ئێران کراوە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە فڕۆکە جەنگییەکە هی ئەمریکایە یان ئیسرائیل، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشێکی دیکەی بۆ سەر چەندین شاری ئێران راگەیاند. لە شارەکانی میناب، کرگان، سیریکی پارێزگای هورمزگان، دوورگەکانی قیشم، کیش و هەنگامی سەر بە پارێزگاکە، بەندەرعەباس و چەندین ناوچەی دیکەی پارێزگای بووشەهر دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
هاوکات لە رۆژئاوای تارانیش سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بیستنی دەنگی تەقینەوە و کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران لەکاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچیی سوپای ئەمریکا لە ئاسمانی تەنگەی هورمز، هێزەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر ئێران.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆش زەبرێکی دیکە لە ئێران دەدەنەوە.

.png&w=3840&q=75)
