رووداو دیجیتاڵ دوای چەند کاژێرێک لە داخستنی، دەسەڵاتی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی کوێت گەڕانەوەی هاتووچۆی ئاسمانی بۆ دۆخی ئاسایی راگەیاند. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، لە کاژێر 04:50ـەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی کوێت ئاسمانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاتی داخست و گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانە جێگرەوەکان گۆڕی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی کوێت ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە وەک رێکارێکی خۆپارێزی و لەسەر بنەمای ئەو "هێرشە ناڕەوایانەی ئێران" بووە کە کراونەتە سەر کوێت. هاوکات سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەند "ئامانجێکی ئاسمانیی دوژمنکارانە"یان داوەتەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن. پاش چەند کاژێرێک لەو ئاڵۆزییە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی کوێت رایگەیاند، بەهۆی نەمانی مەترسییەکان، چالاکییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت ئاسایی بوونەتەوە و گەشتەکان دەستیانپێکردووەتەوە. جەختیشی کردەوە کە بەردەوام لە هاوئاهەنگیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرزترین ئاستی سەلامەتیی گەشتیاران. ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا و لەکاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کوێت کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی ئەو گرووپانەی نزیکن لە ئێران؛ ئەو کات دەسەڵاتدارانی کوێت عێراقییان تۆمەتبار کرد و رایانگەیاندبوو کە هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەریان.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست11-06-2026دەزگای چاودێری دەریایی بەریتانیا: ئاگر لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی عومان کەوتەوە