رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد کە ئێستا دانوستاندنــی لەسەر دەکرێت، تەنیا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕ بووەتەوە و گوتیشی: "لەم قۆناخــەدا بڕیار دراوە هیچ باسێک لەبارەی بابەتە ئەتۆمییەکانەوە نەکرێت."
رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، سەبارەت بە کاتی واژۆکردنی رێککەوتننامە لەگەڵ ئەمریکا گوتی: "دەبێت چاوەڕوان بین؛ هەرچەندە سبەی واژۆ ناکرێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لە رۆژانی داهاتوودا ئەمە روو بدات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ناجێگیری و دوودڵیی لایەنی بەرامبەر لە بڕیارەکانیدا، دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا بکەن و چیدیکە پەلە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان نەکەن.
11ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ''لەبەر ئەوەی دانوستاندنـەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و پەسەند کراون، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرش و بۆردوومانە پلانبۆدانراوەکانی ئەمشەوم بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندنەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە رەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە و ''دانوستاندنـەکان و خاڵەکانی کۆتایی، لە رووی بیرۆکە و وردەکاریی زۆرەوە، لەلایەن سەرجەم لایەنە بەشدارەکانەوە پەسەند کراون، لەنێویاندا ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرێن، کوێت، ئوردن، میسر و چەندین وڵاتی دیکە."

.jpg&w=3840&q=75)

