رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا سێ هەزار پەرستار لە وڵاتەکە وازیان لە کارەکانیان هێناوە. دەشڵێت، کۆچکردنی پەرستاران زیانێکی دارایی گەورە بە کەرتی تەندروستی دەگەیێنێت.
عەباس عیبادی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری پەرستاران رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا (لە 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026) سێ هەزار پەرستار وازیان لە کارەکانیان هێناوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەو ماوەیەدا 800 پەرستار بە یەکجاری وازیان لە کار هێناوە، 800 پەرستاری دیکە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و 380 پەرستاریش ئێرانیان جێهێشتووە و کۆچیان کردووە؛ هەروەها هەر لەو ماوەیەدا هەزار و 600 پەرستار خانەنشین بوون.
عەباس عیبادی ئاماژەی بە زیانە داراییەکانی کۆچی پەرستاران کرد و گوتی: "هەر پەرستارێک وڵات جێبهێڵێت، زیانی 40 ملیار ریاڵ بە ئێران دەگەیێنێت، چونکە تێچووی مەشق و راهێنان و پێگەیاندنیان لێرە خەرج کراوە."
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، کەرتی پەرستاری لە وڵاتەکەدا دووچاری چەند کێشەیەکی سەرەکی بووەتەوە، لەوانە: "کەمیی رێژەی پەرستاران، دەستلەکارکێشانەوە، کۆچکردن، خانەنشینی و مۆڵەتی درێژخایەنی بێ مووچە."
لە نەخۆشخانەکانی ئێران، دەوامی ئاسایی پەرستاران 7 کاژێرە و مووچەکانیان لە نێوان 12 بۆ 36 ملیۆن تمەندایە، کە بەپێی بڕوانامە و ئەزموون دەگۆڕێت. بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، زۆربەی پەرستاران ناچارن دوو شیفت کار بکەن؛ بەڵام بۆ حەوت کاژێر کاری زیادە، تەنیا 90 هەزار تمەن (کەمتر لە 2 دۆلار) بۆ هەر کاژێرێک وەردەگرن.
هاوکات ئەنجوومەنی پەرستارانی ئێران دەڵێت، قورسیی کار، دەوامی زۆر و کەمیی مووچە بووەتە هۆی بێهیوایی پەرستاران؛ بە جۆرێک ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار هەوڵی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەدەن.



.jpg&w=3840&q=75)
