رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر باشووری بەیرووت. ئەوە لە کاتێکدایە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئێران لە تارانن.
میدیای فەرمیی لوبنان، رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردەوە، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل شوقەیەکی لە گەڕەکی (غوبەیری) لە باشووری بەیرووت کردە ئامانج. باشووری بەیرووت بە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵا دادەنرێ.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکە دووکەڵێکی زۆر لە ناوچەکە بەرزبووەوە و خەڵکێکی زۆر لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ هێرشە درۆنییەکانی حیزبوڵڵا بۆسەر باکووری ئیسرائیل.
رۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، سێ درۆنی لە باکووری وڵاتەکەی تێکشکاندووە.
لە نێوخۆی ئیسرائیلیش وەزیرە راستڕۆکان داوای لێدانی تووندتر و زیاتری بەیرووت دەکەن. بێزالێل سمۆتریتچ، وەزیری دارایی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی، بەئامانجگرتنی باکووری ئیسرائیل لە لایەن حیزبوڵڵاوە کاردانەوەی حکومەتی لێدەکەوێتەوە و داوای لە نەتەنیاهوو کرد "باڵەخانەکانی باشووری بەیرووت بڕووخێنێت." ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلیش نووسی: "بۆ هەر درۆنێکی حیزبوڵڵا مووشەکێک بەکاردێنین؛ دەبێت باشووری بەیرووت بلەرزێ."
ئەو پێشهاتە لە کاتێکدایە، دوو بەرپرسی ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسیان راگەیاندووە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتنە تاران بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران.
ئێران جەخت دەکاتەوە لەوەى هەر جۆرە رێککەوتنێک، دەبێت وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنانی تێدابێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، لە دەستپێکى جەنگەکەوە زیاتر لە 3,700 کەس لەو وڵاتە کوژراون. حیزبوڵڵا لە 2ی ئاداری 2026 وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی رێبەری باڵای ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەستی کرد بە هاوێشتنی مووشەک و درۆن بۆ بە ئاراستەی ئیسرائیل.



