رووداو دیجیتاڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لە پرسی دانوستاندنەکاندا، بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بنەمای کارکردنیانە و هەر بڕیارێک لە لایەن رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پەسند بکرێت، دەبێت هەمووان پابەندی بن. رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاند: "سەبارەت بە دانوستاندنەکان، پەسندکراوی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بنەمای کارە و هەرچییەک لە لایەن رێبەری باڵاوە پەسند بکرێت و بە گونجاو بزانرێت، هەموومان پێویستە جێبەجێی بکەین." پزیشکیان جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی ناوخۆیی کردەوە و گوتی: "ئەگەر بڕوامان بە یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانی هەیە و ئەگەر بانگەشەی گوێڕایەڵی بۆ ویلایەتی فەقیهـ دەکەین، دەبێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کە دەرەنجامی رای سەرجەم دامەزراوەکانی دەسەڵاتە، بکەینە بنەمای کارەکانمان." سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە پابەندبوونی خۆی بە بڕیارە ستراتیژییەکانی دەوڵەت کرد، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ بۆچوونی تایبەتی خۆیشیدا نەگونجێت و رایگەیاند: "تەنانەت ئەگەر رای تایبەتی خۆم جیاوازیش بێت، خۆم بە پابەند دەزانم بە پێڕەویکردن لە بڕیاری کۆتایی دەسەڵات؛ چونکە پێموایە رێبەر لەسەر بنەمای دووربینی و راوێژ لەگەڵ ژیرانی وڵات و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەل بڕیار دەدات، نەک لەژێر گوشاری تاقمە سیاسییە تایبەتەکاندا." لەسەر شێوازی بڕیاردانیش، پزیشکیان گوتی: "پێویستە بڕیارە ستراتیژییەکان لەسەر بنەمای ژیری، هەڵسەنگاندنی ورد و رەچاوکردنی توانای نیشتمانی بدرێن. لە پاڵ پشتگیریکردنی هێزە چەکدارەکاندا، دەبێت هاوسەنگیی نێوان ئەرکەکان، دەرفەتەکان و تواناکانی وڵاتیش لەبەرچاو بگیرێت." سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و گوتی: "گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە نیشانیان دا کە هیچ وڵاتێک زیاتر لە خۆمان خەمخۆری بەرژەوەندییەکانی ئێران نییە و جگە لە خودای گەورە، نابێ پشت بە هیچ کەس و لایەنێکی دیکە ببەستین." مەسعود پزیشکیان ئاماژە بە توندیی زمانی رەخنەگرانیش کرد و گوتی: "حکومەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و گەل، قسە تاڵەکان بە تێپەڕبوونی کات قبووڵ دەکات. ئێمە بە هەموو بوونمانەوە بۆ خزمەتکردنی وڵات و گەلی ئازیزمان و هەروەها ئامانج و بەها ڕاستەقینەکان هاتووین، نەک بۆ بەها ناڕاست و درۆینەکان." پزیشکیان بەرگری لە مافی رەخنەگرتنی خەڵک و کۆمەڵگە دەکات، بەڵام تێکدان و ناوزڕاندنی بەرپرسان رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "رەخنەگرتن و داواکاری، مافێکی سروشتیی کۆمەڵگەیە، بەڵام رووخاندنی ئەو کەسانەی ئەرکێکی یاساییان لەسەر شانە، دوورە لە ویژدان و پیاوەتییەوە. جێگەی داخێکی مەزنە کە ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمییەکاندا و بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و شکۆی وڵات سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانن، تۆمەتی وەک خیانەت یان نیشتمانفرۆشییان بدرێتە پاڵ." پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە، بەرامبەر هیچ هێزێک سەر دانانەوێنن و گوتی: "لە بەرامبەر هیچ زلهێزێکدا سەر دانانەوێنین، بەڵام خۆمان بە بەرپرسیار و وەڵامدەرەوە دەزانین لە بەرامبەر گەلی ئێران و داواکارییە رەواکانیاندا. بێگومان مەبەستم لە گەل، هەموو خەڵکی ئێرانە، نەک تاقم یان گرووپێکی تایبەت. ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگەی پاراستنی دەسەڵاتی نیشتمانییەوە، دەرفەت بۆ وڵات بکەینەوە و بەرژەوەندییەکانی خەڵک دابین بکەین." سەبارەت بە کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران لەسەر وڵاتانی دراوسێ، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "پێشتریش گوتوومە و ئەمڕۆش جەخت لەسەر هەمان هەڵوێست دەکەمەوە، کە بەهۆی کەوتنەبەر و کاریگەریی وڵاتانی دراوسێ لەژێر لێکەوتەکانی هێرشە سەربازییەکان، داخی خۆم دەردەبڕم، بەڵام بێگومان ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە تەنیا بنکەکانی ئەمریکا بووە لە خاکی ئەو وڵاتانەدا." مەسعود پزیزشکیان ئاماژە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکات و رایدەگەیێنێت: "بەشێکی گرنگ لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵات لە هەفتەکانی رابردوودا ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە و زۆر لە کێشە و لێکتێنەگەیشتنەکان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری کەنداودا لەسەر رێڕەوی چارەسەرن." سەرۆککۆماری ئێران، پابەندبوونی حکومەتەکەی بۆ پشتگیریکردنی هێزە چەکدارەکان دووپات کردەوە و گوتی: "حکومەت خۆی بە پابەند دەزانێت پشتگیری لەو هێزانە بکات کە بۆ بەرگریکردن لە وڵات و ئاسایشی گەل لە مەیدانەکەدا ئامادەن. ناتوانرێت چاوەڕوانی خۆڕاگری لەو شەڕکەرانە بکرێت کە گیانی خۆیان بۆ بەرگری لە نیشتمان بەخت دەکەن، بەڵام لە بواری دابینکردنی پێداویستییەکان و کەرەستەکانەوە داواکارییەکانیان پشتگوێ بخرێت." لێدوانەکەی مەسعود پزیشکیان لە کاتێکدایە، تاران و واشنتن لەسەروبەندی واژۆکردنی رێککەوتنێکن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام لە نێوخۆی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر رێککەوتنەکە بەرزبووەتەوە. رەخنەگران دەڵێن، لە دەقی نوێی رێککەوتنەکەدا داواکاری و مەرجەکانی ئێران لەبەرچاو نەگیراون و لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە. رۆژی شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە رێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بە فەرمی واژۆ بکرێت و دەستبەجێ دوای واژۆکردنەکەش، تەنگەی هورمز بکرێتەوە.
ئێران14-06-2026جێگری قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: ئێران لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر زاحیەی بەیرووت بێدەنگ نابێ