رووداو دیجیتاڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتن جیاوازن لە قۆناخەکانی رابردوو و لەم مەیدانەدا "ئاڵای سەرکەوتن" هەڵکراوە، کە "دۆست و دووژمنانیش دانیان پێدا ناوە." رۆژی چوارشەممە 17-06-2026، قالیباف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران (IRIB) رایگەیاند: "لە کاتی رێککەوتنی ئەتۆمیی پێشوودا کاتێک گفتوگۆ هەبوو، من ئەم رستەیەم گوت؛ من دژی دانوستاندن نیم، بەڵام چ جۆرە دانوستاندنێک؟ دانوستاندنێک کە جۆرێک بێت لە خەبات. جیاوازیی دانوستاندنەکانی ئێستا لەگەڵ قۆناخەکانی رابردوودا ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئاڵای سەرکەوتن لە مەیدانەکەدایە کە دووژمن و دۆستیش دانیان پێدا ناوە." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە رۆڵی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "گەلەکەمان شکۆمەندیی هێزە چەکدارەکانیشیان بینی، سەرەڕای ئەوەی لە بەرامبەر دووژمنێکی پڕچەکدا بوون." ئەم لێدوانانەی قالیباف دوای ئەوە دێن، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا مەرجەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێراندا ئاشکرا کرد. رەشنووسی ئەمریکیی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە مەرجێکی نوێی "کەمترین" بۆ تەنککردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و هاتووچۆی بێ باجی تەنگەی هورمز بۆ ماوەی 60 رۆژ لەخۆدەگرێت، ئەگەرچی رێگری لە دیاریکردنی باج لە ئایندەدا ناکات. هەروەها، بەگوێرەی بەرپرسەکان، بڕگەکانی دڵنیابوونەوە لە "یەکپارچەیی خاکی" لوبنان لەخۆدەگرێت دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا. لە بەرامبەردا، ئەمریکا هەنگاو دەنێت بۆ هەڵپەساردن، نەک لادانی یەکجارەکیی، هەندێک لەو سزا بەرفراوانانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراون. رۆژی پێنجشەممە هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە جیا یاداشتەکەیان واژۆکرد.