رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی و دیپلۆماتێکی کەنداو رۆژی هەینی رایانگەیاند، ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و ئێران لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون و بڕیارە هەر ئەمڕۆ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئاگربەستەکە دوای زنجیرەیەک پێشهاتی سەربازیی خوێناوی دێت کە تێیدا 21 کەس لە لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی خۆی بە تەقەی چەکدارانی حیزبوڵڵا راگەیاند.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، رێککەوتنەکە دوای گفتوگۆی چڕی نێوان ئەمریکا و قەتەر لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران هاتووە؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە ئاگربەستەکە لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی (بە کاتی ناوخۆ) دەستپێدەکات.
هاوکات دیپلۆماتێکی وڵاتانی کەنداو، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "حیزبوڵڵا و ئیسرائیل رێککەوتن لەسەر راگرتنی دووژمنکارییەکان."
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە، مەترسی لەسەر ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە دروستببوو کە لەنێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واژۆکرابوو، بەتایبەت دوای ئەوەی گفتوگۆکانی سویسرا دواخران و ئاستی پێکدادانەکان لە لوبنان روویان لە هەڵکشان کرد.
هێشتا دیار نییە ئەم ئاگربەستە چەند سەرکەوتوو دەبێت، چونکە پێشتر لە نیسانیشدا ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام نەبووە هۆی راگرتنی هێرشەکان. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تەنیا چەند کاژێرێک پێش راگەیاندنی رێککەوتنەکە گوتی: "حیزبوڵڵای سەر بە ئێران باجێکی قورس دەدات." هاوکات ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، کە کەسایەتییەکی تووندڕۆیە، دوای کوژرانی سەربازەکانیان گوتی: "دەبێت هەموو لوبنان بسووتێندرێ."
دواخستنی گفتوگۆکانی سویسرا
بڕیاربوو لە هاوینەهەواری بورگنشتاک لە سویسرا، شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ کۆببنەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی وەک دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دواخستنی گفتوگۆکانی پشتڕاستکردەوە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە ئیمارات دەڵێ، دوو لایەن هەوڵی تێکدانی رێککەوتنەکە دەدەن: "ئیسرائیل کە رێککەوتنەکەی بەدڵ نییە، لەگەڵ لایەنە تووندڕۆکانی نێوخۆی ئێران."
قالیباف رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی "هێڵە سوورەکان" دەبێت و گوتی: "ئەگەر دووژمن بیەوێ زێدەڕۆیی بکات، سەلماندوومانە کە پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە و دوودڵ نابین لە هەبوونی وەڵامێکی تووند."
لە بەرامبەردا ڤانس نیگەرانیی خۆی لە شێوازی مامەڵەی حکومەتی ئیسرائیل نیشاندا و رایگەیاند: "ناتوانن تەنیا بە کوشتن کۆتایی بە هەموو کێشەکانی ئاسایشی نیشتمانی بهێنن."
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ هەینی رایگەیاند، رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا داوە، سەرەڕای ئەوەی "تێڕوانینێکی جیاوازی" هەبووە.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە، کردنەوەی تەنگەی هورمزە. رۆژی پێنجشەممە 25 کەشتیی بازرگانی بەنێو تەنگەکەدا تێپەڕین، کە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە نیسانی رابردووەوە. لە کاتی ئاشتیدا، پێنج یەکی نەوت و گازی شلکراوی جیهان لەم رێڕەوەوە دەگوازرێتەوە.
هاوکات سوپای ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی هەڵگرت، بەڵام رایگەیاند کە کەشتییە جەنگییەکانیان لە ناوچەکەدا دەمێننەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
