رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی 11 هەزار دەریاوانی گیرخواردوو لە تەنگەی هورمز دەستیپێکردووە. جەختیش دەکاتەوە، ئاگربەستی لوبنان سەرەڕای هەندێک پێشێلکاری، تاوەکو ئێستا جێگیرە.
رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026 ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لە نیویۆرک رایگەیاند، رێکخراوی دەریاوانیی نێودەوڵەتی (IMO) دەست دەکات بە جێبەجێکردنی پلانێکی گواستنەوە بۆ زیاتر لە 11,000 دەریاوان کە لە تەنگەکەدا گیریان خواردووە.
دوژاریک گوتیشی، "ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە بە هاوکاری لەگەڵ ئێران، عومان، ئەمریکا بەڕێوەدەچێ." هەروەها جەختی کردەوە، هەموو ریکارە سەلامەتەکان بۆ پاراستنی کەشتییەکان و دەریاوانەکان گیراونەتەبەر تاوەکو بە سەلامەتیی لە تەنگەی هورمز رزگار بکرێن.
بارودۆخی ئاگربەست لە لوبنان و وێرانکارییەکان
سەبارەت بە بەرەی لوبنان، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئاگربەستەکەی 19ـی حوزەیران تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی گشتیی جێگیرە. بەڵام هێزەکانی یونێفێل (هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان) رۆژی دووشەممە هەندێک جووڵەی سەربازی و تەقەیان لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە ناوچەکانی بەیادە و مەنسووری تۆمار کردووە.
دوژاریک ئاماژەی بەوەش کرد، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پابەندی ئاگربەست بن و لە هەر جۆرە هەڵکشانێکی سەربازی خۆیان بە دوور بگرن." هەروەها ئاشکرای کرد، بەپێی هەڵسەنگاندنە نوێیەکان، زیاتر لە 11,000 باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە باشووری لوبنان بە تەواوی وێران بوون، ئەمەش وایکردووە زۆر لە خێزانەکان هیچ ماڵێکیان نەبێت بۆی بگەڕێنەوە.
تووندوتیژیی سێکسی لە سوودان
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، دوژاریک ئاماژەی بە بارودۆخی مرۆیی سوودان کرد و رایگەیاند، راپۆرتێکی نوێی مافەکانی مرۆڤ 546 حاڵەتی تووندوتیژی سێکسیی پەیوەست بەجەنگ لە 16 ویلایەتی ئەو وڵاتەدا پشتڕاست کردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی قوربانییانی تووندوتیژیی سێکسی بریتییە لە 838 ژن، پیاو و منداڵ کە تاوەکو نێوەڕاستی نیسانی ئەم ساڵ تۆمار کراون. دوژاریک گوتی، ئەم ئامارانە تەنیا مشتێکن لە خەروارێک و دەبێ لێپرسینەوە لەم تاوانانە بکرێت.
راپۆرتەکە هەروەها گیانلەدەستدانی 13 قوربانیی بەهۆی دەستدرێژی بەکۆمەڵەوە تۆمار کردووە.



