رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەورەترین دەستکەوتی لووتکەی ئاشتیی (لۆسێرن) لە سویسرا، رێککەوتن بووە لەسەر دروستکردنی بەستەرێکی سەربازیی هەمیشەیی لەنێوان سوپای ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی پێکدادانەکان.
رۆژی پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، گۆڤاری (ئەن هێرد)ى بەریتانی هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ جەی دی ڤانس بڵاوکردەوە، تێیدا لەنێو فڕۆکەی (ئێر فۆرس توو) و لە کاتی گەڕانەوەی لە گفتوگۆکانى لەگەڵ ئێران لە سویسرا، وردەکاریی رێککەوتنە نوێیەکەی ئاشکرا کردووە.
ڤانس گوتی: "یەکێک لەو شتانەی دەمانویست بەدەستیبهێنین، دروستکردنی کەناڵێک بوو لەلایەنی ئێرانییەوە بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان، کە توانیمان بیکەین. ئەوان رازیبوون کە نوێنەرێکی سوپای پاسداران بنێرن بۆ دۆحە تاوەکو لەگەڵ نوێنەرێکی سێنتکۆم کۆببێتەوە و لەوێوە کێشە مەیدانییەکان چارەسەر بکەین".
ڤانس لەبارەی مەرجەکانی ئێرانەوە گوتی، "ئێرانییەکان شتگەلێکی زۆر جیاواز لە رێککەوتنی سەردەمی ئۆباما پێشکەش دەکەن؛ لەوانە سیستمێکی وردبینیی یەکجار تووند و لەنێوبردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەڵگیراو. ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و جیهان بە تەواوی بگۆڕدرێت، بەڵام هێشتا نازانین لە کوێدا دەگەینە خاڵی هاوبەش".
لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی نێوان ئەمریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر، چاوەڕوان دەکرا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران تەوقە لەگەڵ ڤانس بکەن. بەڵام عێراقچی خۆی لە تەوقەکردن پاراست، قالیبافیش لە چاوی کامێراکاندا دەرنەکەوت.
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان، تێهەڵکێشکردنی بەرەی لوبنان بوو لەگەڵ بەرەی ئێران. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەوڵیداوە بەرەی لوبنان لە رێککەوتنەکە جیا بکاتەوە تاوەکو بتوانێت بەردەوام بێت لە لێدانی حیزبوڵڵا، بەڵام یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەردوو بەرەکەی بەیەکەوە بەستووەتەوە، وەک ئەوەی تاران داوای دەکرد.
ڤانس لە کۆتایی لووتکەکەدا گوتی: "ئیسرائیل و هەموو نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە مافی بەرگری لەخۆکردنیان هەیە".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەست لە لوبنان 48 کاژێرە بە جێگیری ماوەتەوە و گوتی: "دۆخەکە زۆر باشترە لە سێ هەفتە لەمەوبەر. ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و دەبێت بزانین ئایا تاران بەڵێنە گشتییەکانی دەکاتە کردار یان نا".
جەنگی ئێران بۆ ماوەی 107 رۆژ بەردەوام بوو و بووە هۆی داخرانی تەنگەی هورمز، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی 60 رۆژەی دیپلۆماسیدایە. دروستکردنی کەناڵی پەیوەندیی نێوان سێنتکۆم و سوپای پاسداران لە دۆحە، وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی دەبینرێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکان.
.jpg&w=3840&q=75)


