رووداو دیجیتاڵ
کوێت 5 هاووڵاتیی عێراقی دەستگیرکردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ماهری عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 3ی ئەم مانگەدا هێزە ئەمنییەکانی کوێت دەستیان بەسەر بەلەمێکی ماسیگریی عێراقیدا گرتووە و 5 ماسیگریان دەستگیرکردووە. تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە."
وەلید محەممەد، قائیمقامی قەزای فاو لە پارێزگای بەسرە، رۆژی 6ی ئەم مانگە نووسراوی ئاراستەی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە کردووە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە 3ی تەممووزەوە دەسەڵاتدارانی کوێت بەلەمێکی ماسیگریی عێراقییان بە ژمارە (IFB166) گرتووە و تەواوی ستافەکەیان دەستگیرکردووە.
قائیمقامیەتی فاو داوا لە پارێزگاری بەسرە دەکات، پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکات بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەو هاووڵاتییانە.
ناوی هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکان بریتییە لە:
یەکەم: نەجم عەبدوڵڵا خالد
دووەم: سائر محەممەد سەلمان
سێیەم: حەسەن خالد حەسەن
چوارەم: جەعفەر حەسەن عەبدولزەهرە
پێنجەم: ماجد محەممەد خالد



