رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 08-07-2026 گەڕێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، کە تێیدا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئەو وڵاتەی پێکاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی تواناکانی تاران لە هێرشکردنە سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز.
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێران لەوانەش: سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوی، کۆگەکانی مووشەک و درۆن، تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجستیی سەربازی بە درێژایی کەناراوەکانی ئێران.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانیان لە 07-07-2026ـدا هێرشیان کردبووە سەر نزیکەی 80 ئامانجی سەربازیی دیکەی ئێران، لەوانەش زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سەر بە سوپای پاسداران، "ئەمەش بە مەبەستی سەپاندنی باجێکی قورس بەسەر ئێراندا بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەست لە رێگەی هێرشکردنە سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا."
سێنتکۆم لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا بڵاویکردەوە، "هێزەکانی ئەمریکا بە هۆشیاری، لێهاتوویی و ئامادەیی تەواوەوە دەمێننەوە بۆ جێبەجێکردنی هەر ئۆپەراسیۆنێک کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە فەرمانی پێبکرێت."
ئەم گەڕە نوێیەی هێرشەکان لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند دوای ئەوەی سوپای پاسداران هێرشی مووشەکیی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردوومانەکانی ئەمریکا.

.jpg&w=3840&q=75)