رووداو دیجیتاڵ جێگری پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر خاڵێکی دیاریکراو لە ئەهواز سێ کەس کوژراون و کۆمەڵێکی دیکە برینداربوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی تەممووزی 2026، وەلی ئەڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر خاڵێکی دیاریکراو لە شاری ئەهواز و بەو هۆیەوە سێ کەس کوژراون و کۆمەڵێک خەڵک بریندار بوون." جێگری پارێزگاری خوزستان ئاماژەی بەو خاڵە دیاریکراوە نەکرد کە چییە. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە کەناراوەکانی ئێران بۆردوومان کردووە. لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هێرشی مووشەکی و درۆنی تووندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن. میدیای ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا پردێکی شەمەندەفەری گرنگیان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و بنکەیەکی سەربازییان لە شاری بەندەری بوشێهر (کە تاکە وێستگەی ئەتۆمیی سڤیلی لێیە) تێکشکاندووە.