رووداو دیجیتاڵ
سەید مەجید ئیبنولڕەزا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ماوەی جەنگدا دروستکردنی درۆنی سێ هێندە زیاد کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، ئەم لێدوانە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا هاتووە کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانی کۆکردبووەوە.
ئیبنولڕەزا روونیکردەوە، ئێران بەهۆی وەبەرهێنانەکانی لە بواری تەکنەلۆژیادا، توانیویەتی لە ماوەی جەنگدا دروستکردنی درۆن بۆ سێ هێندە زیاد بکات.
هەروەها گوتی، "جەنگی ئەم دواییە دەریخست کە وەبەرهێنانەکانی ئێران لە تەکنەلۆژیا نوێیەکاندا یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی توانای بەرگریی ئێمەیە."
ئیبنولڕەزا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە ماوەی شەڕی 12 رۆژە و لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا، رووبەڕووی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە هەردوو بواری شەڕی سەربازی و شەڕی دەروونیدا بووەتەوە.
پێداگر بوو لەوەی کە زیاتر لە 150 کۆمپانیای پێشەنگی تەکنەلۆژیای جیهانی لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریان کردووە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە پێی وابوو، سەرەڕای ئەوەش، وڵاتەکەی "لە هەردوو شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە." ئیبنولڕەزا روونیکردەوە، ئێران بە هەموو دامودەزگاکانییەوە، ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی داهاتوو.
ناوچەی کەنداو گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێت، لەوەتەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە.
لەوەتەی واشنتن و تاران لە 18ـی حوزەیرانی رابردوودا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە، دانوستاندنەکانیان بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بەردەوامە.



.jpg&w=3840&q=75)