رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و رایدەگەیێنێت، هەر جۆرە هاوکارییەکی وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ واشنتن، بە "شەڕ دژی سەروەریی ئێران" هەژمار دەکرێت. دەشڵیت، رێگە نادەن ئەمریکا دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزدا بکات.
رۆژی دووشەممە، 13-07-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند: "سەرکێشی و شەڕەنگێزیی بەردەوامی ئەمریکا بۆ دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، ئاسایشی ناوچەکە و بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە شێوەیەکی جیددی خستووەتە مەترسییەوە."
ئیبراهیم زولفەقاری پەیامێکی تووندی ئاڕاستەی سەرکردەکانی ناوچەکە کرد و گوتی: "هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا و پشتیوانیی لۆجیستیکی لە سوپای ئەو وڵاتە، بە واتای جەنگ دژی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەژمار دەکرێت. لە ئەگەری پەرەسەندنی جەنگدا، بڵێسەکانی ئاگری جەنگەکە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە."
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران رێگە نادەن هیچ نائەمنییەک بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان دروستبکرێت و گوتی: "سوپای پاسداران و سوپای کۆماری ئیسلامی بە توندی بەرەوڕووی هەر جووڵەیەکی سوپای ئەمریکا دەبنەوە کە لە دەرەوەی رێڕەوە دیاریکراوەکانی ئێران بێت."
ئیبراهیم زولفەقاری رایگەیاند: "بەرپرسیارێتی هەموو نائەمنییەکان و پەرەسەندنی جەنگ لە ناوچەکەدا، لە ئەستۆی ئەمریکا و ئەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ سوپا تاوانبارەکەی ئەو وڵاتەدا هاوکاری دەکەن."
ئەوە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە باشووری ئێران، کە لە 48 کاژێری رابردوودا هێرشەکان نێوەڕاست و رۆژئاوای وڵاتەکەشیان گرتووەتەوە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.
.jpg&w=3840&q=75)



