رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە 35 کەس کوژراون و 300 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای شەپۆلی نوێی هێرشەکانەوە تاوەکو کاژێر 12ی رۆژی چوارشەممە، 15ی تەمموز، 35 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا کوژراون، کە لە نێویاندا دوو ژن و گەنجێکی خوار تەمەن 18 ساڵیش هەن.
حوسێن کرمانپوور گوتی، لە ئەنجامی هێرشەکانەوە 300 کەسیش بریندار بوون، کە 72یان لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا پارێزگاکانی هورمزگان، سیستان و بەلووچستان و خوزستان زیاترین زیانیان پێگەیشتووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 15ی تەمموز، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکانی باشووری ئێران 30 کەسی سڤیل کوژراون.
هەمان رۆژ ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی ئەرتەش لە بەمپووری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، 7 سەربازی سوپا کوژراون.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە، بۆ شەشەمین شەو لەسەر یەک، چەندین پێگەی سەربازییان لە نێو خاکی ئێران کردووەتە ئامانج. سێنتکۆم دەڵێت، ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی توانای تارانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکان لە چەندین پارێزگای ئێران، لەوانەش: ئیسفەهان، مەرکەزی، هورمزگان، بووشەهر، سیستان و بەلووچستان، خوزستان، هەروەها پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان.


