رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی پێنجشەممە و بەرەبەیانی رۆژی هەینیی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران، 8 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی، ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026، بە میدیای فەرمی ئێرانی رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکە، 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون.
نەفیسی دەڵێ، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی پارێزگاکە لە کارە هەرە لەپێشینەکانیاندایە.
بە گوتەی نەفیسی، لەو هێرشانەدا 6 پرد لەنێوان بەندەرعەباس - لار لە سنووری شاری بەندەرخەمیر کرانە ئامانج، کە زیانێکی زۆری بەو رێگە سەرەکییە گەیاندووە.
جێگری پارێزگاری هورمزگان ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە رێگەی جێگرەوە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی قەبارەی زیانەکانەوە، هاتووچۆ لەو رێگەیە بە سستی بەڕێوەدەچێت.
نەفیسی هەروەها باسی لەوەش کرد، هێڵی شەمەندەفەری بەندەرعەباس زیانی بەرکەوتووە؛ بەو هۆیەشەوە وێستگەی 'فین' وەک وێستگەی جێگرەوە دیاریکراوە و سەرجەم گەشتەکانی شەمەندەفەری پارێزگاکە لەو وێستگەیەوە رێکدەخرێن.
لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران، شەش پردی ستراتیژی لە پارێزگای هورمزگان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمریکا دەیان ئامانجی سەربازیی ئێرانی پێکاوە، لەوانە پێگەکانی چاودێری و راداری کەناراوەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی، تواناکانی هێزی دەریایی ئێران و لاوازکردنی تواناکانی ئێران.



