رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 500 کەسی دیکەش بریندارن.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، حوسێن کرمانپوور، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) رایگەیاند: "لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و 517 کەسی دیکەش بریندار بوون."
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، لەنێو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە 7 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە (5 مێ و 2 نێر). هەروەها لەنێو بریندارەکانیشدا 54 منداڵ و مێردمنداڵ هەن کە 35ـیان کچ و 19ـیان کوڕن.
حوسێن کرمانپوور ئاماژەی بەوەش کرد، 468 کەس لە بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی رەوانەی ماڵەوە کراون و 33 کەسی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران روونی نەکردووەتەوە ئەو قوربانییانە لە کام شار و ناوچەن، یان ئایا ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن یاخود هاووڵاتیی سڤیلن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران راگەیاند. واشنتن دەڵێت ئەم هێرشانە وەک "سزا"یەک بووە بۆ تاران لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانیان لە ئوردن و بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی.
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، ئامانج لە هێرشەکان "لاوازکردنی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و سزادانی دەستبەجێی هێزەکانی سوپای پاسدارانە لەسەر ئەو هێرشانەی شەوی رابردوو کرانە سەر سەربازانی ئەمریکا".


