رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی گەمارۆ لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە دژی سعودیە، ئەگەری ئەوەی هەیە شەڕی ئێران فراوانتر بکات و دابینکردنی نەوت و بازرگانیی جیهانی زیاتر پەکبخات.
حووسییەکان دەڵێن، وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆی سعودیە بۆ سەر یەمەن و هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، تەنگەی بابولمەندەبیان بەڕووی ئەو کەشتییانەدا داخستووە کە پەیوەندییان بە سعودیەوە هەیە. تەنانەت حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە رۆژی سێشەممە شەش کەشتیان ناچار کردووە رێڕەویان بگۆڕن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بۆچی بابولمەندەب گرنگە؟
تەنگەی بابولمەندەب دەکەوێتە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە، کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.
نزیکەی 12٪ـی بازرگانیی جیهانی، لەنێویاندا چارەکێکی جموجووڵی کۆنتەینەرەکانی جیهان، بەنێو ئەم تەنگەیەدا تێدەپەڕن بۆ گواستنەوەی کاڵاکان لەنێوان ئەورووپا و ئاسیا لە رێگەی نۆکەندی سوێسی میسرەوە.
گرنگیی ئەم تەنگەیە بۆ هەناردەی نەوتی سعودیە زیاتر بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی ئێرانەوە تەنگەی هورمز داخرا و هاتووچۆی کەشتییەکان لە کەنداوەوە سنووردار بوو. بۆیە داخستنی ئەم تەنگەیەش مەترسییەکی گەورە لەسەر بازرگانی و وزەی جیهانی دروست دەکات.
ئایا حووسییەکان بە راستی دەتوانن تەنگەکە دابخەن؟
هەرچەندە حووسییەکان کۆنترۆڵی ئەو بەشەی کەناراوەکانی یەمەن ناکەن کە دەکەوێتە سەر بابولمەندەب، چونکە بەدەست نەیارەکانیانەوەیە لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن، بەڵام ناوچەیەک کۆنترۆڵ دەکەن کە کەمتر لە 100 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.
سێ بەرپرسی حووسییەکان بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، مانگانێکە پلانیان داناوە چۆن رێگری لە کەشتییەکان بکەن. بە گوتەی ئەوان، پلانەکان بەکارهێنانی مینی دەریایی، بەلەمی بۆمبڕێژکراو، درۆن و هێلیکۆپتەر لەخۆدەگرن بۆ ئەوەی رێگە بە چەکدارەکانیان بدەن بچنە سەر کەشتییەکان.
هەرچەندە حووسییەکان دەڵێن، تەنیا کەشتییەکانی سەر بە سعودیە یان ئەوانەی دەچنە بەندەرەکانی دەریای سوور رادەگرن، بەڵام پێشتر لە کاتی شەڕی غەززەدا هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەشتی کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو ململانێیەوە نەبووە. ئێرانیش لە تەنگەی هورمز سەلماندی کە تەنانەت هێرشی پچڕپچڕیش بۆ سەر کەشتییەکان بەسە بۆ داخستنی تەنگەیەک، ئەویش لە رێگەی بەرزکردنەوەی مەترسییەکان و نرخی دڵنیایی (تەئمینات).
ئەگەر دابخرێت، کاریگەرییەکانی چی دەبن؟
کلیۆنا رالی، دامەزرێنەری (ACLED) کە دەزگایەکی چاودێریکردنی ململانێکانە، دەڵێت: "ئەگەر لە یەک کاتدا گوشار بکەوێتە سەر بابولمەندەب و کەشتیوانی لە کەنداو، ئەوا لە یەک کاتدا دوو گرنگترین رێڕەوی دەریایی جیهانت پەکخستووە."
ئالیسن مایدنەر، لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی دەڵێت، لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل نەوت بە بابولمەندەبدا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا پێش شەڕی ئێران تەنیا 4 ملیۆن بەرمیل بووە. سعودیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی داخستنی هورمز، رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بەندەری یەنبووعەوە لە دەریای سوور هەناردە کردووە.
ئەگەر بابولمەندەبیش دابخرێت، سعودیە هێشتا دەتوانێت رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە دەریای سووردا بنێرێتە میسر و لەوێشەوە بە بۆری (SUMED) بیگەینێتە دەریای نێوەڕاست، هەروەها ملیۆنێک بەرمیلیش بە نۆکەندی سوێسدا بنێرێت.
بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی ناچار دەبن رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا (کەیپ ئۆڤ گود هۆپ) بسووڕێنەوە، کە ئەمەش یەک بۆ دوو هەفتە کاتی گەشتەکە درێژ دەکاتەوە و تێچووش بەرز دەکاتەوە.
ئایا ئەمریکا و سعودیە وەڵامیان دەبێت؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر گرنگیی بەم هەڕەشە نوێیە نەدا و رۆژی سێشەممە گوتی: "تاوەکو ئێستا رووینەداوە. پێموایە ئەگەر شتێکی وا رووبدات، ئێمە چارەسەری دەکەین." پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2025دا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتاییان بە هێرشەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور هێنا.
بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە حووسییەکان بەم کارەیان شەڕ لەگەڵ سعودیە دەستپێدەکەنەوە کە لە ساڵی 2022ـەوە بە ئاگربەست کۆتایی هاتووە. سوپای سعودیە جەخت دەکاتەوە کە بابولمەندەب بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. تورکی مالیکی، گوتەبێژی سوپای سعودیە گوتی: "بە تووندی و بەخێرایی وەڵامی هەموو هەڕەشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان دەدەینەوە، چونکە ئەمە چەتەگەریی دەریاییە و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات."
بۆچی حووسییەکان ئێستا ئەمە دەکەن؟
حووسییەکان دەڵێن، سعودیە ئەم مانگە هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گەڕانەوەی سەرکردەکانیان لە ئێران دوای بەشداریکردنیان لە پرسەی عەلی خامنەیی. دوای ئەمە، حووسییەکان بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها لە سعودیە، کە گەورەترین پێکدادانی نێوانیان بوو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا.
ئێستا حووسییەکان دەڵێن داخستنی بابولمەندەب بە رووی کەشتییەکانی سعودیەدا، ئامانج لێی شکاندنی گەمارۆی سەر یەمەنە.
بەڵام ئەحمەد ناجی، شرۆڤەکار لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئەم گەمارۆیە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە کە ئێستا رووبەڕووی هێرشی رۆژانەی ئەمریکا بووەتەوە. ناجی گوتی: "لە تێڕوانینی ئێرانەوە، کردنەوەی بەرەی نوێی گوشار لە سەرانسەری ناوچەکە هێزی زیاتری پێدەدات. حووسییەکان کۆنترۆڵ و هەژموون بەسەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دەدەنە تاران."


