رووداو دیجیتاڵ
قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت: لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی واشنتن، رێگە نادەن "تەنانەت یەک دڵۆپە نەوتیش" لە ناوچەکە هەناردە بکرێت. جەختیش دەکەنەوە کە تەنگەی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەگەر ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئێران جێبەجێ بکات، هێزە چەکدارەکانی ئێمە ژێرخانەکانی نەوت، گاز، کارەبا و ئابووریی تەواوی ناوچەکە دەکەنە ئامانج."
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە تەنگەی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و تەنیا بە مەرج رێگە بە هاتووچۆ دەدرێت: "ئەگەر بڕیاریش بێت کەشتییەک لەو تەنگەیە تێپەڕێت، تەنیا دەبێت لەو رێڕەوەی بۆی دەستنیشان کراوە و بەپێی رێکارەکانی ئێمە هاتووچۆ بکات."
ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی (Truth Social)ـەوە هەڕەشەی کرد: لەمەودوا هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بە لێدانی "پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا" لە ناوخۆی ئێران وەڵام دەدەنەوە.
ترەمپ بە روونی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشانە تەنانەت ناو جەرگەی شاری تارانی پایتەختیش دەگرێتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، ململانێی واشنتن و تاران پێیناوەتە قۆناخێکی مەترسیدار و ئەمریکا ماوەی 11 شەوە بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.



