رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن دەڵێن، لە رێگەی چەندین مووشەک و درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری سعودی لە دەریای سوور؛ هاوکات ئاژانسی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکان بەهۆی هێرشەکەوە ئاگری گرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، ئاژانسی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا بڵاویکردەوە، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە لەبارەی رووداوێک لە دووریی 70 میلی دەریایی لە باشووری رۆژئاوای ناوچەی ئەلشەقیق لە سعودیە.
کاپتنی یەکێک لە کەشتییەکان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، کەشتییەکەیان لەلایەن "تەنێکی نەناسراو"ـەوە پێکراوە و بەو هۆیەوە ئاگر لە ناو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و تیمەکەی لە ئێستا خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
زیانەکان و لێکۆڵینەوە بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون لە نێو تیمی کەشتییەکەدا تۆمار نەکراوە، هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە هێرشەکە هیچ زیانێکی ژینگەیی لێنەکەوتووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و هۆشداری دەدرێتە کەشتییەکانی دیکە کە بە وریاییەوە لەو ناوچەیەدا تێپەڕ بن.
راگەیێندراوی حوسییەکان لەلایەکی دیکەوە، حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە فەرمی بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ و رایانگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دا و بە بەکارهێنانی ژمارەیەک مووشەک و درۆن، دوو کەشتیی سعودییان لە دەریای سوور پێکاوە.
حووسییەکانی یەمەن، کە هاوپەیمانی ئێرانن، رۆژی دووشەممە بە فەرمی "ئابڵۆقەی دەریایی"یان دژی سعودیە راگەیاند و هۆشدارییان دا لەوەى هەر کەشتییەک لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە کاڵا بار بکات یان دایبگرێت، دەکرێتە ئامانج.
لە هەمان کاتدا، ژووری نێودەوڵەتیی کەشتیوانی رۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، حووسییەکان ئاگادارکردنەوەی رادیۆییان بۆ کەشتییەکان ناردووە و داواى گۆڕینى رێرەوەکانیان لێکردوون.
بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییە دەریاییەکان، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاح کە نەوتی خاوی سعودیەیان بۆ بازاڕەکانی چین و هیندستان هەڵگرتبوو، رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە. لەنێویاندا کەشتیی (Xin Long Yang) کە لە لایەن کۆمپانیای (COSCO)ی چینییەوە بەڕێوەدەبرێت، لەگەڵ هەردوو کەشتیی (Rodos) و (Amazon)، لەبری ئەوەی بەرەو باشوور و تەنگەی بابولمەندەب بڕۆن، بەشێوەیەکی کتوپڕ بەرەو باکوور و نۆکەندی سوێس گەڕاونەتەوە.
لە هەمان کاتدا، کەشتییەکی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل بەناوی (Liu Jiang Kou) کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەرە، دوای ئەوەی جەدەی وەک وێستگەی داهاتووی دیاریکردبوو، لە کەنداوی عەدەن رێڕەوی خۆی گۆڕی و بەرەو دواوە گەڕایەوە. کۆمپانیای (Clarksons) کە بریکاری کەشتییەکانە، رایگەیاند کە هەڕەشەکانی حوسییەکان کاریگەرییان لەسەر جووڵەی نەوتهەڵگرەکان دروستکردووە و زۆربەیان لە کەناراوەکاندا وەستاون و چاوەڕێی رێنمایی نوێن.
.png&w=3840&q=75)


