رووداو دیجیتاڵ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر رێگەی زیارەتکارانی شیعە، بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە کوێت کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێگەیاندووە. هاوکات هۆشداریی تووند دەداتە بەریتانیا کە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارنەهێنرێت. رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر رێگەی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن، لە بەرامبەر ئەمەشدا هێزەکانی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی شەپۆلی 26ـەمی ئۆپەراسیۆنی (نەسر-2) بە هێرشێکی تێکەڵاو بنکەی سەربازیی ئەلعودێری ئەمریکایان لە کوێت کردە ئامانج." بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو هێرشەدا یەکەی تایبەتی جەنگی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا لەو بنکەیە تێکشکێنراوە و هێرش کراوەتە سەر شوێنی حەوانەوەی سەربازەکانی ئەو یەکەیە، کە بەهۆیەوە چەندین سەربازی ئەمریکی کوژراون و بریندار بوون. جگە لەوەش بورجی چاودێریی فڕینی بنکەکەش کراوەتە ئامانج و زیانی پێگەیشتووە. سوپای ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خاڵێکی سەربازی لە دەروازەیەکی سنووریی پارێزگای خوزستانی کردە ئامانج. وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان رایگەیاند: لە هێرشێکدا بۆ سەر دەروازەی سنووریی شەلامچەی پارێزگاکە، لانیکەم دوو کەس کوژراون و 11 کەسیش بریندار بوون. سوپای پاسداران رەتی دەکاتەوە بچێتە ناو هیچ ئاگربەست یان دانوستانێکی نوێوە و رایگەیاند: "ئەمریکا لە گۆڕەپانی جەنگدا دۆڕاوە و ئێستا دەیەوێت بە فێڵ و لەخشتەبردن و باسی گەڕانەوە بۆ دانوستاندن، دەرفەتێک بۆ پشوودان و نوێکردنەوەی توانای هێزەکانی دروستبکات. ئێمە رێگە نادەین ئەمریکا بە ئاگربەستی خەڵەتێنەر، کۆگاکانی نەوت و تەقەمەنی خۆی پڕبکاتەوە و دواتر هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران تیشکی خستووەتە سەر گۆڕینی تاکتیکی سەربازیی ئەمریکا و دەڵێت: "سوپای ئەمریکا دوای دەستپێکردنەوەی فەرمیی شەڕ، مووشەکی کرووزی لە کەشتییەکانی لە زەریای هیندییەوە دەهاویشت، بەڵام بەهۆی تەواوبوونی کۆگای مووشەکی ئەو کەشتییانە، لە دوێنێوە پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی فڕۆکەی جۆری بی-1 کە لە بنکەی ئاسمانیی (فێرفۆرد)ـی بەریتانیاوە دەفڕن." سوپای پاسداران هەروەها هۆشداریی تووندی ئاراستەی بەریتانیا کرد و رایگەیاند: "هەر بنکەیەک بۆ دەستدرێژیی سەر خاکی ئێران بەکاربهێنرێت، دەبێتە ئامانجێکی رەوا بۆ ئێمە. هۆشداری دەدەینە رژێمی پاشایەتیی بەریتانیا کە خاوەنی مێژوویەکی رەشە لە ناوچەکەدا، چیدیکە دۆسیەی خۆی بە بەشداریکردن لەم دەستدرێژییانەی ئەمریکادا قورستر نەکات." راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوام بوون. هەروەها بەپێی میدیای ئەمریکی، ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە هێرشەکانی ئەم جارەدا فڕۆکەی بی-1ـی بەکارهێناوە کە لە بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانیاوە بەرەو ئێران فڕیوە. بەریتانیا لە سەرەتای مانگی ئاداری 2026ـدا، لە رێگەی کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکەوە، بە فەرمی رێگەی بە ئەمریکا دا بنکە ئاسمانییەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی "بەرگریی سنووردار" دژی ئێران بەکاربهێنێت. حکومەتی بەریتانیا لە تەممووزی 2026ـدا، لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیرانی نوێ، ئاندی بێرنهام، جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بەم بڕیارە دووپاتکردەوە و رێگەی بە هێزەکانی ئەمریکا دا کە بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ئەو بنکانە.