رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێت، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیان لە بەحرێن و ئوردن کردووەتە ئامانج؛ هۆشداریش دەدات، هەر هەنگاوێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران، دەبێتە هۆی لەنێوچوونی ئاسایشی ئابووریی وڵاتانی ناوچەکەش.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، لە قۆناخی 24ـی ئۆپەراسیۆنی ''هەورە برووسکە''، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ئوردن و بەحرێن.
بەگوێرەی سوپای ئێران، هێرشەکان بە درۆن کراون و کۆگەکانی چەک، سووتەمەنی و شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە بنکەی شێخ عیسای بەحرێن کراونەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەروەها بە درۆن هێرش کراوەتە سەر پەناگەی درۆن، فڕۆکە جەنگییەکان و شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە بنکەی (ئەلئەزرەق)ـی ئوردن.
سوپای ئێران هۆشداریش دەدات: ''هەر هەنگاوێک لە دژی بەرژەوەندییە رەوا و یاساییەکانمان، دەبێتە هۆی لەنێوچوونی ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی ناوچەکەش.''
هێرشەکانی سوپای ئێران بۆ سەر ئوردن و بەحرێن لەکاتێکدان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ 13ـیەم رۆژی لەسەریەک ئەمریکا هێرشی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.



