رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نیشانەکانی فراوانبوونی جەنگەکە لە هەریەک لە دەریای سوور و دەریای قەزوین دەرکەوتن؛ لە کاتێکدا حوسییەکان دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەیان بۆردوومان کرد، تاران حکومەتی ئۆکرایناى بە لێدانی کەشتییەکی بازرگانی تۆمەتبار کرد.
ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، حووسییەکانی یەمەن، کە 'هاوپەیمانیی ئێرانن'، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای (ئارامکۆ)ی سعودی لە هەردوو ناوچەی جیزان و یەنیوع. یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، پێگەکانی ئارامکۆیان پێکاوە. گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان دووکەڵێکی زۆریان لە پاڵاوگەی جیزان نیشان دەدات، هاوکات لە ناوچەی یەنیوع، کە رێڕەوێکی سەرەکیی جێگرەوەی تەنگەی هورمزە بۆ هەناردەی نەوتی سعودیە، دوو مووشەکی بالیستی لە لایەن سیستەمی بەرگریی پاتریۆتـەوە تێکشکێندران.
لە وەڵامی هێرشی حوسییەکان دا، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، چەندین بنکەی سەربازی و کۆگای چەکی حوسییەکانیان لە پارێزگاکانی مەئریب، جەوف و شاری حودەیدەی یەمەن بۆردوومان کرد. بەرپرسانی یەمەن دەڵێن، هەردوو لایەنی جەنگی نێوخۆی وڵاتەکە خەریکی کۆکردنەوەی هێزن لەسەر هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ، ئەمەش نیشانەی هەرەسهێنانی تەواوەتیی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022ە.
دەریای قەزوین
لەلایەکى دیکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی ئۆکراینای تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی لە دەریای قەزوین. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، تەقینەوەیەک لەنێو کەشتییەکەدا روویداوە و بووەتە هۆی کوژرانی دەریاوانێک و برینداربوونی یەکێکی دیکە. تاران بەو هۆیەوە کاربەڕێکەرى باڵێوزخانەى ئۆکراینای بانگ کرد و هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی دووژمنکارانە و تاوانکاری" وەسف کرد.
ئەم تۆمەتانە دوای ئەوە دێن، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا ستایشی ئەنجامی "هێرشە دوورمەوداکان"ی وڵاتەکەی کرد لە دەریای قەزوین، کە ئاماژە بوو بۆ لێدانی ئەو کەشتییانەی کەرەستەی سەربازی دەگوازنەوە، هەرچەندە ناسنامەی کەشتییەکانی دیاری نەکردبوو.
راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئامادەیی سعودیە
هێزەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار دوای 13 شەوی بەردەوام، هیچ هێرشێکی نوێیان بۆ سەر نێوخۆی ئێران ئەنجام نەدا. بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە ئاژانسى (رۆیتەرز)ى راگەیاند، سەرۆک هەمیشە بژارەی دیپلۆماسیی پێ باشترە، بەڵام "نیشانی ئێرانی داوە چی روودەدات ئەگەر بە جیدی نەیەنە سەر مێزی گفتوگۆ." راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی کۆگاکانی مووشەکی بەرگری، جارێ پلانی چڕکردنەوەی هێرشەکانی وەستاندووە.
لەلایەکى دیکەوە، پێشڤەچوونی گفتوگۆکانى عومان و ئێران لە تاران لەبارەى دۆزینەوەى میکانیزمێک بۆ کردنەوەى تەنگەى هورمز، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەى هێرشەکانى ئەمریکاى وەستاندووە و هیوایەکى بۆ رێککەوتن دروستکردووە.
جەنگی ئێران کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، ئێستا پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە کە تێیدا رێڕەوە ئاوییەکان بوونەتە ئامانجی سەرەکی. لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەردەوامە لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و پەکخستنی ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت ئابڵۆقەکە بشکێنن، حوسییەکان هەڕەشەی لێدانی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە دەکەن.


