رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دوای 13 رۆژ جەنگ و پێکدادانیش، هێشتا ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا بەردەوامە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نێوەندگیرەکان بۆ برەودان بە دیپلۆماسی چالاکن.
ئسیماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە چارەنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی رایگەیاند: ''ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن بەردەوامە.''
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان هەردوولا، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوەیە و ''ئەوان هێشتا بۆ برەودان بە دیپلۆماسی چالاکن.''
بەقایی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا کاری لەپێشینەیان، بەرگریکردنە لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئێران؛ ''بۆئەوەی هەر جۆرە گفتوگۆیەک [لەنێوان تاران و واشنتن] دروست ببێت، دەبێ زەوینەیەکی گونجاو هەبێ، بەڵام ئەمریکا ئەو زەوینەیەی لەنێوبرد.''
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدان کە سەرەڕای هەبوونی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، بۆ 13 رۆژی لەسەریەک، پێکدادانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ناوچەکە بەردەوام بوو، بەڵام سێ رۆژە ئەمریکا هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر ئێران.
لە بەرامبەردا ئێرانیش هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە راگرتووە کە بە پاساوی ''وەڵامدانەوە و زیانگەیاندن'' بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکران.
هاوکات رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوو، گفتوگۆیەک لە نێوان عومان و ئێران لە تاران بەڕێوەچوو و دانانی میکانیزمێکی پارێزراو بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا تاوتوێ کرا.
بەرپرسانی ئێرانی گفتوگۆکانی نێوان تاران و مەسقەت لەبارەی تەنگەی هورمز بە ''ئەرێنی و بەرهەمدار'' دەزانن و دەڵێن، پێشکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە.
رەنگە لێکتێگەیشتنێکی نێوان ئێران و عومان بۆ میکانیزمی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز کە ئێستا چەقی ململانێکانە، کاریگەریی لەسەر راگرتنی جەنگ، چارەنووسی دانوستاندن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتنیش هەبێت.

.webp&w=3840&q=75)

