رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، رێگە بە ئەمریکا نادەن یەکلاییکەرەوەی ئاشتی یان جەنگ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێداگرن لەسەر بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم. رۆژی دووشەممە، 27-07-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا باسی لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە نیگەرانییەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمانە." بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، ئێران هیچ کات رێگە نادات ئەمریکا سەبارەت بە دانوستاندن، جەنگ یان ئاشتی بڕیار بدات، "تاوەکو ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانمان بخوازێ، بەرگری دەکەین. هەر کاتێکیش هەست بەوە بکەین دەتوانین دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی بەکاربێنین، ئەوە سوودی لێ وەردەگرین." "هیچ دانوستاندنێک لەنێوان تاران و واشنتن لە ئارادا نییە" گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە ئێران داوای دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی لە ئەمریکا کردبێت و دەڵێت، "دانوستاندنی راستەوخۆش لەگەڵ ئێمە ناگونجێ، بەڵام لایەنی بەرامبەر ناوەناوە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکاتەوە." ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان تاران و واشنتن لە ئارادا نییە و گوتی، "دانوستاندنی ئێمە لەگەڵ عومانە و لەسەر میکانیزمی پێویست بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا چڕکراوەتەوە." رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوو، چەند گەڕێکی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و عومان لەسەر ئاستی یاریدەدەرانی وەزیرانی دەرەوە لە تاران بەڕێوەچوو کە بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوەکە بە "ئەرێنی و بەرهەمدار" دەزانن. وەک وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی تاران و مەسقەتدا دانانی میکانیزمێکی پارێزراو بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا تاوتوێ کراوە. "وەڵامی سەرکێشییەکەی ئۆکراینا دەدەینەوە" لە بەشێکی قسەکانیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەو کەشتییە کرد کە بەگوتەی خۆیان لەلایەن ئۆکرایناوە لە دەریای قەزوێن تێکشکێندراوە و گوتی، "ئەو کردەوەیەی ئۆکراینا نایاسایی بوو، هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و بەتەواوی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە." رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئەوان لە دەریای قەزوێن کە لە ئەنجامدا دەریاوانێک کوژراوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە. بەقایی گوتی، "ئەو هەنگاوە سەرکێشییەکی مەترسیدار بوو و بێگومان لەلایەن ئێمەوە بێوەڵام نامێنێتەوە". گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رووی قسەکانی کردە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئۆکراینا و گوتی، "دەبێ گەورەکانی زیلینسکی [سەرۆکی ئۆکراینا] کۆنترۆڵی بکەن و هۆشیاریش بن کە لێکەوتەی کردەوەکانی ئەو وڵاتە، ناوچە جیاجیاکانی جیهانیش دەگرێتەوە." ئیسماعیل بەقایی هەڕەشە لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپاش دەکات کە پێویستە بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکە، ئۆکراینا وەڵامدەر بکەن. ئەوە لەکاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا و چەند کەشتییەکی دیکەش کە بۆ گواستنەوەی باری سەربازیی پەیوەست بە ئێرانەوە لە دەریای قەزوێندا بەکارهێندراون. "پێداگرین لەسەر پیتاندنی ئاشتییانەی یۆرانیۆم" لە بەشێکی قسەکانیدا بەقایی باسی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە بەکارهێنانی "ئاشتییانە"ـی وزەی ئەتۆم و گوتی، "بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەخەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، مافی هەموو وڵاتانە." گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی بەردەوام پێداگر بووە لە بەردەوامیدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم و رایگەیاند، "بەڵێنشکێنی و هەنگاوەکانی ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستی لۆژیکیی ئێمە نابێ." ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "پێمانوایە ئێمە و هەر وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە پەیماننامەی قەدەخەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی مافی خۆیەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاشتییانەی هەبێ." "جێگیرکردنی فڕۆکەی ئەمریکا لە بولگاریا نایاساییە" هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە رێگەپێدانی بولگاریا کرد، بۆ جێگیرکردنی فڕۆکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە و گوتی، "ئەو هەنگاوەی بولگاریا دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە رێگە بە ئەمریکا دەدات لە خاکی ئەوانەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر وڵاتەکەمان." بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانی بولگاریا رێگەپێدانی جێگیرکردنی کاتیی هەشت فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگری ئەمریکای لە بنکەی سەربازیی بێزمەر پەسندکرد. لە وەڵامدا تاران هۆشداریی تووندی دایە بولگاریا کە ئەم هەنگاوە وڵاتەکە دەکاتە هاوبەشی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.