رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لە "دانوستاندنی قووڵ"ـدان و هۆشداری دەدات ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان دەگەڕێنەوە. لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی، رۆژی دووشەممە 27-07-2026 ترەمپ رایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتانی نێوەندگیر بڕیاریداوە هێرشەکانی سەر ئێران رابگرێت و دەرفەتێک بە دانوستاندنەکان بدات. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "وڵاتانی نێوەندگیر داوایان لێکردم ئۆپەراسیۆنی سەربازی نەکەم، پێشموایە ئێرانییەکان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن." ترەمپ هەروەها رایگەیاند، کاتێکی زۆر بە دانوستاندنەکان نادات و دەرفەتی گەیشتن بە پێشکەوتن لە دانوستاندنەکاندا لەگەڵ ئێران زۆر کورتە. گوتیشی، بۆ هەنگاوی سەربازیی بەهێز ئامادەیە، ئەگەر هاتوو گفتوگۆکان شکستیان هێنا. لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، سەرەڕای راگرتنی هێرشەکانی ئەم دواییەی نێوانیان، ئێستا سەرقاڵی هیچ دانوستاندنێک نین لەگەڵ ئەمریکا. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا گوتی: "رەنگە نێوەندگیرەکان پەیامی لایەنی ئەمریکیمان پێبگەیەنن سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە، بەڵام ئێستا، ئێمە سەرقاڵی هیچ دانوستاندنێک نین لەگەڵ ئەمریکا". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن ئێران داوای دانوستاندنی کردووە "هەڵبەستراون و لایەنی بەرامبەر ناوە ناوە بڵاویان دەکاتەوە". سەرەتای ئەم مانگە و دوای شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەهۆی کێشەی تەنگەی (هورمز)ـەوە، گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیان پێکردەوە. دوای 13 رۆژ لە هێرش و بۆردوومان لە نێوان هەردوو لایەندا، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە هێرشەکان راگیراون. بەقایی رەخنەی تووندی لە ئەمریکا گرت و گوتی، رەفتارەکانی واشنتن لەم ساڵانەی دواییەدا "لە رەفتاری باندێکی مافیا دەچێت کە پابەندی هیچ یاسا و رێسایەک نییە". گوتیشی: "تاوەکو ئەو جۆرە رەفتارانەی ئەمریکا بەردەوام بن، ناتوانین گەشبین بین بە دروستبوونی پرۆسەیەکی لۆژیکی". ئێران گوتی، دەبێت کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبردنی تەنگەی (هورمز) و وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزارییەکان لای خۆی بمێنێتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران رێگریی لە چەندین کەشتی کردووە، لەوانە شەش کەشتی لە رۆژی دووشەممەدا، کە هەوڵیان داوە لە دەرەوەی ئەو رێڕۆیەی کۆماری ئیسلامی دیاریکردووە بە تەنگەکەدا تێپەڕن. بەقایی دووپاتیکردەوە، واشنتن هیچ پەیوەندییەکی بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و (عومان)ـەوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی تەنگەی (هورمز) نییە. ئەو گوتەبێژە گوتی: "ئەم گفتوگۆیانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەمریکاوە نییە و بابەتێکی دووقۆڵییە لە نێوان ئێران و عومان و بەردەوامیشە،" هاوکات باسی لەوە کرد، رێڕۆ ئاوییەکە "بە داخراوی دەمێنێتەوە".
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست27-07-2026سێ رۆژە شەڕ وەستاوە؛ سعودیە درۆنەکانی [گرووپە چەکدارەکانی] عێراق تێکدەشکێنێت