رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانیان داوەتەوە کە بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردبووە ئامانج؛ ئەمە یەکەمین پەرەسەندنی سەربازیی نێوان هەردوولایە دوای چوار رۆژ وەستانی پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا. سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "کاژێر 5:45ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی رۆژهەڵات (12:45 خولەکی شەو بە کاتی هەولێر)، هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی کتوپڕ، چەندین مووشەکی بالیستییان لە ناوخۆی ئێرانەوە بەرەو بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوێشت." سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە نەکردووە هێرشەکە کراوەتە سەر بنکەکانیان لە کام وڵات لە ناوچەکە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە سیستمە بەرگرییەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بوون و رایگەیاند: "سەرجەم مووشەکەکانی ئێران بە سەرکەوتوویی تێکشکێندران و هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە." لەوەتەی رۆژی شەممەی رابردووەوە هیچ پێکدادانێکی راستەوخۆ لە نێوان سوپای ئەمریکا و ئێران تۆمار نەکرابوو. ئەم هێمنییە دوای ئەوە هاتبوو کە ئەمریکا بۆ ماوەی 14 شەو لەسەریەک، بە چڕی بۆردوومانی ژێرخانی سەربازی لە ئێران کردبوو، کە تێیدا زیاتر لە 140 ئامانج پێکرابوون. ئەم هێرشە نزیکەی رۆژێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو واشنتن هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە و تاران دەیەوێت گفتوگۆ بکات. لەو کاتەدا ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وا دەرکەوت کە قسەکانی ترەمپ رەتدەکاتەوە و گوتی: "لەم کاتەدا هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە." بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە نوێیەی سوپای پاسداران، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی نێوەندگیر وەک قەتەر و پاکستان، جارێکی دیکە کەوتوونەتە مەترسییەکی جیدییەوە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28-07-2026ئەردۆغان: کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی کەرکووکدا کراوەتە هاوبەش
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28-07-2026ترەمپ بۆ ئێران: ئەگەر رێککەوتن نەکەین، لە یەک رۆژدا کارەبا و پردەکانیان لەناودەبەین