رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێ ئاماژەدان بە ناو، ئەو لێدوانانەی کە لەلایەن محەممەدباقر خەرازییەوە سەبارەت بە هەڵوێستی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تایبەت بە دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزشکیان بڵاوکرابوونەوە، رەتکردەوە.
ئەمڕۆ، سێشەممە، 4ی ئابی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە رۆژانی رابردوودا هەندێک لێدوان بەناوی رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کە بەداخەوە دەبنەهۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای رای گشتی و دروستکردنی دووبەرەکی و ناکۆکی لە کۆمەڵگەدا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە:"سەرچاوەی فەرمیی بڵاوکردنەوەی پەیام، هەواڵ و بابەتەکانی پەیوەست بە ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، ماڵپەڕی فەرمیی نووسینگە یان ماڵپەڕی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامییە و هەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بڵاوبکرێتەوە، باوەڕپێکراو نییە و دوورە لە راستی".
ئەم روونکردنەوەیەی نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای لێدوانەکانی محەممەدباقر خەرازی دێت، کە یەکێکە لە کەسایەتییە ئایینییە نزیکەکان لە بنەماڵەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاردانەوە و دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیاکانی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
خەرازی گوتی، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە: "ئەگەر جارێکی دیکە پزشکیان دەستلەکاربکێشێتەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند دەکەین."
محەممەدباقر خەرازی برای هاوژینی مەسعود خامنەیییە، کە برای بچووکتری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.



