رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان تەواوی مینەکانی نێو تەنگەی هورمزیان پاککردووەتەوە و ئێستا تەنگەکە بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان کراوەیە. راشیگەیاند هێزی دەریایی ئەمریکا تاکە هێزە لە ناوچەکە و 100٪ کۆنترۆڵی ئەو رێڕۆ ئاوییەی کردووە.
لە زنجیرەیەک لێدواندا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گرژییەکانیان لەگەڵ تاران، رۆژی دووشەممە 10-08-2026 ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا هێشتا توانای هەڵکشانی گوشار و گرژییەکانی بەرامبەر ئێران هەیە. لە وەڵامی داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەگەر ئێران داوای قەرەبووی زیانەکان دەکات، ئەوا دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بدات کە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا بە ئێمەی گەیاندووە."
ترەمپ جارێکی دیکە مەرجی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی خستەوە بەرباس و داوای کرد ئێران قەرەبوو بداتە خێزانی ئەو 52 هەزار خۆپێشاندەرەی تەنیا لە چوار مانگی رابردوودا لە نێوخۆی ئەو وڵاتە کوژراون و گوتی: "ئێرانییەکان سەدان هەزار کەسیان کوشتووە و ئێستا باجەکەی دەدەن."
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر خراپیی دۆخی ئابووریی ئێران و رایگەیاند، ئەو وڵاتە بەتەواوی "مایەپووچ" بووە. بە گوتەی ترەمپ: "ئەوان دەتوانن کێشە دروست بکەن، بەڵام هیچ پارەیەکیان نییە تەنانەت ناتوانن مووچەی سەربازەکانیان بدەن، هەڵاوسانیش لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 309٪."
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ سەرەڕای ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناکۆکییەکانیان دەکەن لەسەر پرسی غەززە، رایگەیاند، پەیوەندییەکی "زۆر باشی" لەگەڵ نەتەنیاهوو هەیە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر ئەمڕۆ لە (ترووس سۆشیاڵ) وەڵامێکی باش لەسەر ئەو بابەتە بڵاو دەکاتەوە.



