رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کاتی جەنگدا ملیۆنان دۆلار هاوکاری لەلایەن ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات کۆکراوەتەوە و نێردراوە بۆ نێوخۆی وڵاتەکە.
عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، لە ماوەی جەنگ و دوای جەنگیش، بڕێکی زۆر هاوکاریی نەختینەیی و کەلوپەل لەلایەن ئێرانییەکان، شیعەکان و لایەنگرانی شۆڕشەوە کۆکراونەتەوە و گوتیشی: "رەنگە دواتر ژمارەی تەواوەتی رابگەیێندرێت، بەڵام بەڕاستی ملیۆنان دۆلار کۆکرایەوە کە هەمووی بە ویستی خودی خەڵکەکە بووە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان تەنیا ژمارەی هەژماری بانکی یان ناوەندیان بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان دیاری کردبوو، بەڵام کەرەستەیەکی زۆری پزیشکیش گەیشتووەتە ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران، وەک نموونەیەک ئاماژەی بەوە کرد کە "تەنیا لە یەکجاردا و لە وڵاتێکی دراوسێوە، 25 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) هێنرانە ناو وڵات و لە کاتەکانی دیکەشدا بە هەمان شێوە ئامێری پزیشکی و ئەمبوڵانسی دیکە رەوانە کراون."
.jpg&w=3840&q=75)

