رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی عومان بڵاویکردەوە، ئەو نەوتەی لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیان رژاوە، گەیشتووەتە کەنار دەریاکان. لە هەمان کاتدا، ئاژانسی دەریایی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، باوبۆرانە وەرزییەکان رێگرن لە هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی رووداوەکە.
پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کردبوو، کەشتییەکە دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەوە زیانی بەرکەوتبوو، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە نزیک دوورگەی قیبلییەی عومان گیری خواردبوو.
دەستەی ژینگەی عومان رایگەیاند، "ئەنجامی چاودێرییەکانی ئەمڕۆ دەریخستووە کە هەندێک لە کەناراوەکانی ناوچەی رەئس مەدرەکە بەهۆی پیسبوونی نەوتەوە زیانیان بەرکەوتووە." ئەو شارۆچکەیەی سەر زەریای هیندی زیاتر لە 200 کیلۆمەتر لە دوورگەی قیبلییەوە دوورە.
گوتەبێژێکی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەوردی "چاودێریی" دزەکردنی نەوتی خاوی نێو کەشتیی (کارۆلاین بێزێنگی) دەکەن. گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کەشتییەکە لە 30ـی حوزەیراندا لە کەناراوەکانی عومان گیری خواردووە و ئێستا نزیکەی 41 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی شەرپیساتی کەناراویی عومانەوە دوورە.
هەروەها گوتی، نەوتەکە بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی دوورگەی قیبلییە دەڕوات و راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، بەشێکی گەیشتووەتە وشکانی، سەرەڕای ئەوەی "باوبۆرانی وەرزی گەیشتن بە کەشتییەکەیان سنووردار کردووە و پرۆسەکانی رزگارکردنیان دواخستووە."
رۆژی دووشەممە عومان رایگەیاند، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دزەکردنەکە دەکات، کە بەپێی نوێترین شیکردنەوەی ئاژانسی ژینگەی ئەو وڵاتە، کاریگەریی کردووەتە سەر رووبەری نزیکەی 390 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
پەڵە نەوتەکە لە دەوروبەری دوورگەکانی حەلانیات لە کەناراوەکانی باشووری عومان چڕبووەتەوە، کە نیشتمانی زیندەوەری دەریایی هەمەچەشنە، لە نێویاندا کیسەڵە دەریاییە دەگمەنەکان.
رۆژی چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی عومان بڵاویکردەوە، "پێشبینی دەکرێت کەناراوەکانی ناوچەی رەئس مەدرەکە بە درێژایی 40 کیلۆمەتر زیانیان بەرکەوێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کەناراوەکانی باشووری دوورگەی مەسیرە بە درێژایی 10 بۆ 20 کیلۆمەتر، رەنگە لە "کاژێرەکانی داهاتوودا" پیس ببن.
دەسەڵاتدارانی عومان تاوەکو ئێستا هۆکاری دزەکردنەکەیان دەستنیشان نەکردووە، بەڵام کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی بەریتانی (ڤانگارد) هەفتەی رابردوو رایگەیاند، سەرەتای مانگی حوزەیران لە کاتی تێپەڕبوونی بە کەناراوەکانی یەمەندا، کەشتییەکە رووبەڕووی تەقینەوە بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی چوونەژوورەوەی ئاو بۆ چەند بەشێکی کەشتییەکە.
گرووپەکانی داکۆکیکار لە ژینگە، گرینپیس و پاکس، بە فرانس پرێسیان گوت، دزەکردنەکە خەریکە دەبێتە هۆی "کارەساتێکی ژینگەیی،" ئاماژەیان بەوە کرد، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو.
پێدەچێت کەشتییەکە بەشێک بێت لە "کەشتیگەلی سێبەر"ـی رووسیا کە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر هەناردەی نەوتەکەی بەکاردەهێندرێن. ئەم کەشتیگەلە، کەشتیی کۆن لەخۆدەگرێت کە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەتەوە سەبارەت بە ستانداردەکانی چاککردنەوە، دڵنیایی و سەلامەتی.



