رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا سەرجەم ئەو دەنگۆ و راپۆرتە میدیاییانەی رەتکردەوە کە باس لە گیانلەدەستدانی سەربازانی ئەمریکی لەنێو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن دەکەن لە کاتی ئەرکەکەیاندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
رۆژی هەینی، 14ی ئابی 2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە 48 کاژێری رابردوودا، ژمارەیەک "دەنگۆی بێ بنەما" بڵاوکراونەتەوە، لەوانە کوژرانی حەوت سەرباز لە ئەنجامی شەڕە قسە و پێکدادان لەنێو کەشتییەکەدا، یان زیادبوونی رێژەی بیرکردنەوە لە خۆکوشتن لەنێو تیمەکەدا. سێنتکۆم دەڵێت: "ئەم راپۆرتانە بە هەموو شێوەیەک ناڕاستن."
بەگوێرەی ئامارەکانی سێنتکۆم، کەشتیی ئەبراهام لینکن بەرزترین رێژەی بەردەوامبوون لە خزمەتی سەربازی لەنێو هەموو کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکادا هەیە، کە دەگاتە 84.4٪. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەربازان و مارێنزەکانی نێو کەشتییەکە "خۆڕاگر و پێداگرن" سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 260 رۆژە لە ئەرک دان.
لەبارەی سەلامەتیی تیمەکە، سێنتکۆم رایگەیاند: "هیچ ئەندامێکی هێزەکانمان لەنێو کەشتییەکە گیانی لەدەست نەداوە. تەنیا یەک سەرباز لە 3ی ئابدا کەوتبووە ناو دەریاوە، بەڵام بە خێرایی و بە سەلامەتی رزگارکرا."
لە ماوەی جێگیربوونی لە ناوچەکەدا، فڕۆکەکانی سەر کەشتیی ئەبراهام لینکن زیاتر لە 10 هەزار گەشتی ئاسمانییان کردووە و زیاتر لە 1.5 ملیۆن پاوەند تەقەمەنی و چەک بەکارهێنراوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە "هەواڵە چەواشەکارییانە" بێڕێزییە بەو پیاو و ژنانەی لەنێو سوپادا خزمەت دەکەن و کاریگەریی خراپی لەسەر خێزانەکانیشیان دەبێت.
بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیێندراوەی سێنتکۆمیش دوای ئەوە هات کە دوێنێ و رۆژانی پێشتریش، ژمارەیەک میدیای ئەمریکا راپۆرتیان لەسەر زیادبوونی هەوڵی خۆکوشتن و بێزاری سەربانیان لەنێو کەشتییەکەدا بڵاودەکردەوە.
جێگرکردنی کەشتیی ئەبراهام لینکن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆ بەشداریکردنە لە جەنگی ئێران، کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.

